بەغدا زیاتر لە ملیارێک دیناری دیکەی بۆ هەرێم نارد

وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆنی دیکەی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە کرد، بەڵام تا ئێستا بڕیاری دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران نەدراوە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند" وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە ملیارێک دیناری دیکەی خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان  بۆ مووچەی مانگی ٢".

ئەو سەرچاوەیە سەبارەت بە دابەشکردنی کاتی مووچە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بڕی ئەو پارەیە زۆر کەمە و ناتوانرێت بڵەین پارەکە تەواو گەیشتووە. 

لەبارەی راگەیاندنی لیستی مووچەوە ئاماژەی بەوەداوە کە بۆ لیستی مووچە چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین، بەڵام وەک وەزارەتی دارایی هیچ پلانێکمان نییە بۆ راگەیاندنی لیستی مووچە.

پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای ٣٧ ملیار دیناری دیکەی لە بەغدا کردبوو بۆ مووچە و تا ئێستاش دیار نییە کەی مووچە دابەش دەکرێت.

هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا ئەو پارەیە دابەش نەکات کە بەغدا بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات ڕەوانەی کردووە.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە ژمارەیەک بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین بە هۆی دابەشنەکردنی مووچەوە بایکۆتیان ڕاگەیاندووە.



AM:10:13:19/03/2024