لە ئامەدی باکوری کوردستان ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢١ی ئازاری ٢٠٢٤ لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان، مەراسیمی جەماوەری بۆ پیرۆزكردنی جەژنی نەورۆز بەڕێوەچوو.

لە بەیانی ئەمڕۆوە له‌ ته‌واوی شاره‌كانی باكوری كوردستان بە مەبەستی به‌شداریكردن له‌ مەراسیمەکانی جەژنی نه‌ورۆز هەزاران هاوڵاتییان چونه‌ته‌ شاری ئامه‌دی باكوری كوردستان. 

ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ لە شاری ئامەد بە دروشمی (هەستە کاتی ئازادی و سەرکەوتنە) به‌ ئاماده‌بونی دەیان  هه‌زاران كه‌س بەڕێوەدەچوو کە لە ڕۆژی ١٥ی ئه‌م مانگه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ لە کاتێکدابوو کە دوای ١٠ ڕۆژی تر هەڵبژادنی شارەوانییەکان ئەنجام دەدرێت و دەم پارتی دەیەوێت لە ڕێگای سندوقەکان دەنگدانەوە کۆتایی بەدەیان قەیوم بهێنرێت کە ئاک پارتی لە ساڵانی رابردوودا سەپاندنی بەسەر سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوە کوردەکاندا.

لە ئاهەنگەکەدا، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، داوا دەکەن لەبری گرتن و بەندکردن، بەزووترین کات هاوپەیمانیەتی کورد و تورک نوێبکرێتەوە و داواشی لە ئۆپۆزیسیۆن کرد لە پرسی کێشەی کورد بوێر و راستگۆبن و زەمینەسازی بۆ ئاشتی بکەن.

هاوسەرۆکی دەم پارتی وتیشی: "لێرەوە بانگەوازێک ئاراستەی دەسەڵات دەکەم، داوا دەکەین لەبری گرتن و بەندکردن، بەزووترین کات هاوپەیمانیەتی کورد و تورک نوێبکەنەوە. دوو رێگە لەبەردەم تورکیا هەیە، شەڕ و پێکدادان لەگەڵ رێگەچارەیەکی دیموکرات و ئاشتیخواز، بۆیە داوا دەکەین خەڵک خەباتی ئاشتی و دیموکراسی فراوانتر بکەن".

باکرهان ئاماژەی بەوەشکرد: "پێویستە دان بە زمانی کوردیدا بنرێت لە پەرلەمان و واز لە بەکارهێنانی وشەی تیرۆریستان بهێنن. ئەو شوێنەی ئێوە بە تیرۆریستان ناوی دەبەن کوردستانە و بەسەر چوار پارچە دابەشکراوە".

هاوسەرۆکی دەم پارتی پەیامێکی ئاراستەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن کرد و رایگەیاند: "داوا لە ئۆپۆزیسیۆن دەکەم لە پرسی کێشەی کورد بوێر و راستگۆبن. وەرن زەمینەسازی ئاشتی بکەین لەدژی ئەوانەی دەهۆڵی شەڕ لێدەدەن".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، باکرهان داوای لەسەرجەم پارتە کوردییەکان کرد ئەگەر ئێستا کاتی یەکێتی نەتەوەیی نەبێت ئەی کەی کاتیەتی؟ پێویستە ئەم یەکێتییە دروستبکەین و بەربەستەکان بەلاوەبنێین".

لە پەیامێکیش بۆ پارتە چەپەکان، هاوسەرۆکی دەم پارتی وتی: "داوا دەکەم لەپێناو لەناوبردنی هەژاری و فشاری نەتەوەیی، هەموو پارتە چەپڕەوەکان بەیەک بگەن لەپێناو دروستکردنی زەمینەی خەبات و شۆڕشگێڕی".





PM:02:01:21/03/2024