یەکێتی هەڵوێستی خۆی لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی راگەیاند

سەرۆکی یەکێتی لە پەیامێکدا پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق دووپاتکردەوە و بە دادگایەکی سەربەخۆ و پیشەیی ناوی دەبات.

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی سیستمی دیموکراسی و ڕەوتی حوکمڕانی وڵاتانی پێشکەوتوو".

ئاماژە بەوەشدەکات، چەسپاندنی سەروەری یاسا و دادپەروەری لە پایەکانی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتین کە زامنی مافی هاووڵاتیان و کۆمەڵگەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت" لە کاتێکدا ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ڕۆڵی لە پاراستنی دەستوور، دادپەروەری و سیستمی دیموکراسی دووپات دەکەینەوە، هەموو ناوزڕاندن و مامەڵەیەکی خراپیش رەتدەکەینەوە بەرامبەر دادگای باڵای فیدراڵی، کە دادگایەکی سەربەخۆ و پیشەییە و بەشداری کارایە لە پاراستنی سیستمی سیاسی لە عیراقدا و پاراستنی سەربەخۆیی ئەوەش لەقوڵایی ئەرکە دەستووریی و نیشتمانییەکانە".

ڕوونیشیدەکاتەوە، دەسەڵاتی دادوەری عیراقی بە سەربەخۆییەکەی ناسراوە و رێزگرتن لەوسەربەخۆییەش رەنگدانەوەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە و فاکتەرێکی گرنگە کەهاووڵاتیان لەسایەیدا هەست بەسەقامگیری، ئاسایش، ئۆقرەیی و زامنی مافەکانیان دەکەن.

لە کۆتایدا بافڵ تاڵەبانی وتی" با پێکەوە کاربکەین بۆ بەهێزکردنی روحییەتی هانابردن و ڕێزگرتنی ڕەها بۆ یاسا، سەربەخۆیی و بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەری جێگیر بکەین، کە سەرۆک مام جەلال رۆڵی گرنگی هەبووە لە چەسپاندنیدا لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا".


PM:04:28:22/03/2024