یەک شەممە و دوو شەممە شەستە باران و مەترسی لافاو هەیە

کەشناسێکی شارەزا پێشبینی دەکات لە رۆژانی یەک شەممە و دوو شەممە ئەو شەپۆلەی هەرێم و عێراقی گرتۆتەوە دەبێتە مایەی بارانبارینێکی بە لێزمە و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە ناوچەکانی گەرمیان و سلێمانی.

ئاراس جەپار پسپۆری بواری کەشناسی لە پۆستێکدا بە ناونیشانی "  ئاگاداری و ھۆشداری لە ھاتنی بارانی بەخوڕ و ھەورە بروسکە " ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە ئێوارەی رۆژی یەکشەمەوە بۆ کاتەکانی بەرەبەیانی رۆژی دووشەمە بەگوێرەی ئەو زانیارانەی لەنەخشەکانی کەش و ھەوا ھەیە ئەگەری ھاتن و قوڵبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆیەک لە دەریای سوورەوە بۆ سەر ناوچەکانی باشوری ھەرێمی کوردستان ھەیە کە ئەبێتە سەرھەڵدانی ناجێگیری بەرگەھەواو دروستبوونی ھەوری فرەخانەی سوپەرسێل بەشێوەیەکی فراوان لە ناوچەکانی ناوەراستی عێراقەوە بۆ سەر ناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و خۆرھەڵاتی پارێزگای کەرکوک و سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە".

هەروها پێشبینی دەکات، بارانێکی بەخوڕ و زۆر لەو مەودایەدا بۆ سەر ئەم ناوچانە دەبارێت و دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاویش لە ھەندێ شوێندا، ھاوکات ھەورە بروسکەی توند و تەرزە بارینیش بە قەبارەی گەورە یەکێکی دیکە لە ئەگەرەکانی ئەم حاڵەتە ئەبێت".

 سەبارەت بە ناوچەکانی دیکەش سنوری ئیدارەی راپەرین و پارێزگای ھەولێر و دھۆک لەماوەی ئاماژە پێکراودا تاوە باران و ھەورە بروسکە بەشێوەیەکی ئاسایی دەبێت .

رێژەی بارانی چاوەروانکراو لە ماوەی ئێوارەی یەکشەمە بۆ بەرەبەیانی دووشەمە لە ناوچەکانی سنوری گەرمیان و ھەڵەبجە و سلێمانی بەجیاوازی شوێنەکان لە سەروو ٢٥ ملم تا زیاتر لە ١٠٠ ملیممەترە ، سەبارەت بە چالاکی با لەشوێنی دیاری نەکراودا لەو ماوەیەدا ئەگەری کەوتنی تەوژمە بای بەھێز و لەناکاو ( ریاح هابگە ) لەھەورە بروسکەکانەوە ئەبێت ، ئەگەری بارینی تەرزەی گەورە ئەبێت ئەمەش بەشێوەیەکی ھەرەمەکی و دیاری نەکراوە ، دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە رێرەوەکانی رۆشتنی ئاوی باراناودا یان چەم و دۆڵەکان و ناوچە نزمەکان . 



PM:09:01:22/03/2024