مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ‌هێرشی کردە سەر وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل

مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند'' لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە وەزارەتی بەرگری ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج''.

مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە لە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران پێکدێت ڕایگەیاند'' بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بارەگای وەزارەتی بەرگری قەوارەی زایۆنیمان لە خاکە داگیرکراوەکانمان کردە ئامانج''.

ئەوەشی خستەڕوو کە هێرشەکە لە چوارچێوەی جەختکردەوە بۆ بەئامانجگرتنی پێگەکانی ئیسرائیل و بۆ سەرخستنی غەززە دێت، ڕاشیگەیاند هێرشەکانیان لە مانگی ڕەمەزاندا زیاددەکەن.

تا ئێستا ئیسرائیل هیچ زانیارییەکی بۆ پشتڕاستکردنەوە یاخود ڕەتکردنەوەی هێرشەکە بڵاونەکردووەتەوە.



AM:10:25:24/03/2024