دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم رایدەگەیەنێت" ئیدانەی هەڵسوکەوت و توندوتیژیەکانی دەزگا ئەمنیەکانی سلێمانی دەکەین بەرامبەر خۆپشاندەران و رۆژنامەنوسان".
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لهسهر خۆپیشاندانەکەی ئهمڕۆی مامۆستایانی سلێمانی و دهستگیركردنی ژمارهیهك له مامۆستا و میدیاكار، بهیاننامهیهكی بڵاوكردهوه و دهڵێت" دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ئازار ژمارەیەک مامۆستا لەشاری سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ مەبەستی داواکردنی موچەو بەرامبەر خراپی ژیانیان، بەداخەوە لەلایەن هێزە ئەمنیەکان و ئاسایشی سلێمانی ڕووبەڕووی توندوتیژی بونەوەو ژمارەیەک لەو مامۆستایانەش لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستگیر کران".
دهستهی سهرۆبهخۆی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشکردووە، لەناو خۆپیشاندەرانیش ژمارەیەک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش ڕووبەڕووی توندوتیژی بونەوەو دەست بەسەر کەل و پەلە ڕۆژنامەوانیەکانیاندا گیرا.
دهستهكه وێڕای ئەوەی پاڵپشتی لەهەر خۆپیشاندان و گردبونەوەیەکی مەدەنی ویاسایی دوور لەتوندوتیژی بۆ داواکردنی مافەکانیان كردوهتهوه، ئیدانەی هەموو جۆرە توندوتیژیەکیشی كردووه کە بەرامبەریان کراوە و ئەو جۆرە هەڵسوکەوت و توندوتیژیانە دوورن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و ڕێکارە یاساییەکان و ئازادی ڕادەربڕین.
ئەوەش هاتووە" تا ئێستاش حاڵەتەکانی بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنوسان لەلایەن دەزگا ئەمنیەکان بەردەوامە بەتایبەت لەکاتی خۆپیشاندانەکان، چەندان جاری تریش داوامان کردووە ناکرێ بەو شێوەیە مامەڵەو هەڵسوکەوت بکەن کە جگە لە نیگەرانی ناوخۆیی کە پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسیە لەهەمان کاتدا لە ئاستی نێو دەوڵەتی و ڕێکخراوە چاودێرەکانی مافی مرۆڤیش بۆتە جێی سەرنج و ڕەخنەو کاریگەری دەبێت لەسەر ناوبانگی ئەو ئازادی و دیموکراسیەی کە لەهەرێمی کوردستان شانازی پێوە دەکەین".
دهشڵێت" لە ڕێگەی نوسینگەی سلێمانی دەستەکەمانەوە بەووردی چاودێری ڕەوشەکە دەکەین و لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکان لەسەر خەت دەبین بۆ سۆراخی دەستگیرکراوەکان".