سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە دەست بکەن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ".
ئەمڕۆ چوار شەممە، ٢٧ی ئازاری ٢٠٢٤ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ( ماوە بۆ درێژکراوەی) هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە دەست بکەن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش".
ڕاشیگەیاند" ئێمە حکومەتی فیدراڵیی دەخەینە بەر بەرپرسیارتییەکی دەستووری و ئەخلاقی تاکو ئەو بەڵێنەی بە ئێمەیان داوە بۆ دابینکردنی مووچەکان جێبەجێ بکەن".
ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕیارمانداوە بە داشكاندنی ٢٠%ی قەرزی ئاو و كارەبا و هاتووچۆ وە ٥٠%ی ڕسوماتی هێنانی گۆشت و ٢٠% لە كرێی خوێندنی پارالێل، و داشكاندنی ڕسوماتی شارەوانی بەتایبەت كرێی كرێچییەكان بە ڕێژەی ٢٠%، و لێخۆشبوون لە سزای دواكەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران و كاسبكاران و كەمدەرامەتان، هەروەها زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەكەین، كە سوودمەند نەبوون و بۆ ئەوەش وەزارەتی شارەوانی ڕاسپێردراوە بۆ ڕێكاری یاسایی.
جەختیشی كردۆتەوە، سوپاسی خۆڕاگری خەڵكی كوردستان دەكەین و هەموو هەولێك دەكەین كارئاسانی بۆ دۆخی خەڵكی كوردستان بكەین و وتیشی" ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە و ئەرکی ئێمەیە، جێبەجێمان کردووە و بەردەوامیش دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندا بین".