ئەنجامی پشكنینی ئەو شامپۆیە دەرچوو كە دەموچاوی هاوڵاتییەكی شێواند

پاش ئەوەی سەرەتای مانگی ڕابردوو هاوڵاتییەک بەهۆی بەکارهێنانی شامپۆیەک دەموچاوی شێواندرا، ئەمڕۆ لیژنەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی ئەنجامی پشكنینی ئەو شامپۆیان ڕاگەیاند و دەڵێن" شیاوی بەکارهێنان نییە". 

نوێنەرانی کوالێتی کۆنتڕۆڵ لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایانگەیاند" دوای ئەوەی هاوڵاتییەک بە یەکێک لە جۆرەکانی شامپۆ تووشی هەستیاری بوو و سکاڵای تۆمارکرد، دەستمان بە بەدواداچوون کرد بۆ ئەو جۆری شامپۆیە".

دەشڵێن" لە پشکنینەکاندا دەرکەوتووە کە ئەو بەرهەمە بۆ بەکارهێنان شیاو نییە و دەبێتە هۆی رووشان و ئاوسانی پێست بە تایبەتیش بۆ کەسێک کە هەستیاری هەبێت". 

ئاماژە بەوەشدەکەن، بەدواداچوونەکان لەوبارەیەوە بەردەوامە کە بەرهەمەکە لە رێگەی کارمەندی فرۆشتنەوە بە دوکانەکان دەفرۆشرێت. 

ڕۆژی ٤ی شوباتی ئەمساڵ هاوڵاتییەک دوای بەکارهێنانی شامپۆیەک رووخساری تووشی ئاوسان و هەستیاری بوو، بەوهۆیەشەوە سکاڵای لەسەر هاوڵاتییەک تۆمارکرد کە لە ڕێگەی ئۆنلایەنەوە شامپۆکەی بە هاوڵاتییەک فرۆشتبوو.


PM:01:52:28/03/2024