" لەسەر ئازادکردنی ئەو تیرۆریستە ھەڵوێستمان دەبێت

ئەمرۆ ئەمیری پێشووی ئەنسارولئیسلام، مەلا كرێكار لە زیندانی نەرویج ئازادكرا‌و لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانیش بۆ ئەم مەبەستە كۆبوونەوە دەكات.

لەمبارەیەوە قادر ره‌زگه‌یی بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ‌و ئەندام لەلیژنەی شەھیدان لەپەرلەمانی کوردستان بە SNNڕاگەیاند، لەداھاتوودا لەگەڵ لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان لەسەر پرسی ئازادکردنی مەلاکرێکار دانیشتنێک سازدەکات، ھەڵوێستمان لەبەرامبەر ئازادکردنی ئەو تیرۆرستە ڕوندەکەینەوە.

وتیشی:" بەڵگەی تیرۆرستبونی مەلاکرێکار ڕون و ئاشکرایە، دیارترینیان ئەو کوشتن و شێواندنی لاشانەیە، کەلەناوچەی ھەوراماندا لەبەرامبەر ھاوڵاتیان و پێشمەرگەکانی کوردستاندا ئەنجامیاندابوو".

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ڕێزگرتن لەکەس‌وکاری ئەو شەھیدانەی بەدەستی ئەو گروپە تیرۆرستیە شەھیدکرابوون، پێویستە لەسەر حکومەتی ھەرێم، بەفەرمی ھەڵوێستی خۆی ڕابگەیەنێت، ھەوڵ بدرێت گوێ بۆ ئازادکردنی ئەو نەدرێت لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە، چونکە ئەو زوڵمی بەرامبەر ھاوڵاتی کورد کردووە، پێویستە لەکوردستانیش سزا بدرێت ".



PM:05:15:25/01/2015