عەبادی پەنای بۆ هێزەکانی ئەمەریکاو ٦٠ هەزار چەکداری حەشدی شەعبی برد

لە کاتێکدا رومادی کەوتۆتە دەست داعش و لە قەراغی شارەکە بارەگای ئۆپراسیۆنەکانی ئەنبار لەهەموو لایەکەوە گەمارۆدراوە، سەرۆک وەزیران عەبادی لەگەڵ ژەنەراڵ لوید ئوتن سەرکردایەتی ناوەندی هێزە ئەمریکییەکان کۆبوونەوە بەمەبەستی زیاتر کۆمەککردنی هێزە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان لەشەڕی رومادی و شوێنەکانی تری عێراق.

لەلایەکی ترەوە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حەشدی شەعبی بە شەفەق نیوزی راگەیاند کە سەرۆک وەزیران حەیدەر عەبادی فەرمانی بۆ دەرکردوون کە ٦٠ هەزار چەکداری حەشدی شەعبی بەرەو بەرەی شەڕ لە روومادی بجوڵێن کە پێکدێن لە ‌هێزەکانی بەدرو عەسائیب و خوراسانی و نوجەبا کە لەلایەن هادی عامری و ئەبو موهدی موهەندیسەوە سەرکردایەتی دەکرێن.

لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆک وەزیران حیدەر عەبادی بڵاوکراوەتەوە کە لە کۆبوونەوەکەیدا ستیوارت جونز باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق ئامادە بووەو باس لە دوا پەرەسەندنە سەربازییەکانیان لە شاری رومادی کراوە. 



PM:08:51:17/05/2015