ئاوارەكانی رۆمادی لە باشوری بەغدا نیشتەجێ دەكرێن

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لایەنە پەیوەندارەكان ڕادەسپێرێت، ئاوارەكانی پارێزگای ئەنبار بەپەلە لەباشوری شاری بەغدا نیشتەجێبكرێن و پێداویستیەكانیان بۆ دابینبكرێت.

نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئارام شێخ محمەد سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی نائاسایی كرد لەگەڵ لیژنەكانی مافی مرۆڤ و لیژنەی كۆچ و كۆچپێكراون و ئاسایش و بەرگری، بۆ بەهانەچوونی سەدان خێزانی ئاوارەی شاری ئەنبار كەلەپردی (بزێبز)، لەباشوری شاری بەغدا گیریانخواردووەو لەدۆخێكی مرۆیی ناهەمواردان.

لەكۆبونەوەكەدا، ئارام شێخ محمەد، دوای ئەوەی گوێی لەسەرەنج و پێشنیازی ئامادەبوان گرت، بڕیاریدا، هەماهەنگی بەپەلە بكرێت، لەگەڵ وەزارەتەكانی كۆچ و كۆچپێكراون و گواستنەوەو گەیاندن و دارایی و تەندروستی و فەرماندەیی پرۆسەكانی شاری بەغداو سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر تا بەزوترین كات ئاوارەكان لەدەرەوبەری شاری بەغداو لەناوچەكانی ئەبوغرێب و موسەیب و كۆمەڵگەی وەلید و یوسفیە و چەند ناوچەیەكی تر نیشتەجێبكرێن و فریاگوزرای و خزمەتگوزاری بەپەلەشیان لەدابینكردنی خێمەو خوارك و كەلوپەلی پێویست بگەیەنرێتی.

كۆبونەوەی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆك و ژمارەیەك لەئەندامانی لیژنە پەیوەندارەكان بەردەوامە بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەكان و كۆتایهێنان بەنەهامەتی ئاوارەكان بەزووترین كات



PM:04:59:23/05/2015