پنتاگۆن: ئێران بەردەوامە لە دروستكردنی چەكی ئەتۆمی

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا لە راپۆرتێكدا ئاشكرایدەكات كە ئێران سەرەڕای رێكەوتنە ئەتۆمییەكان لەگەڵ وڵاتانی 1+5، تا ئێستاش لەپەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی‌و پشتیوانیكردن لەتیرۆریزم بەردەوامە.


بەپێی راپۆرتەكەی پنتاگۆن، ئێران پابەند بووە بە ژمارەیەك لەخاڵەكانی رێكەوتنەكەی ژنێڤ، لەوانە سنورداركردنی چالاكی ئەتۆمی، بەڵام لەبواری پەرپێدان‌و داهێنان لەبەرنامەی موشەكی بالستیك كە دەتوانێت كڵاوەی ئەتۆمی هەڵگرێت، تا ئێستاش بەردەوام بووە.
بڕیاربووە ئەم راپۆرتەی پنتاگۆن لەسەرەتای ئەمساڵدا پێشكەش بە كۆمیتەی تایبەتی كۆنگرێس بكرێت، بەڵام بەهۆی دانوستانە ئەتۆمییەكانی تاران‌و رۆژئاوا ئەم راپۆرتە رەوانەی كۆنگرێس نەكرا.


بەوتەی چاودێرانی سیاسی، راپۆرتەكەی پنتاگۆن، ئۆبامای سەرۆكی ئەمەریكا توشی سەرسوڕمان دەكات كە پێشتر وتبووی "كاری هاوبەش لەگەڵ ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتە چالاكییە ناوەكییەكانی رابگرێت".


لەراپۆرتەكەدا هەروەها هاتوە كە ئێران هەوڵدەدات تەنگەی هۆرمۆز كۆنترڵ بكات‌و بۆ ئەم كارەش سیستمی سەربازیی لە دەریاكان بەهێزتر دەكات.


پنتاگۆن لە راپۆرتەكەیدا باس لە پشتیوانی تاران لە تیرۆریزم دەكات‌و دەنوسێت "چالاكی نهێنی ئێران لە پشتیوانی لە تیرۆریزم بەردەوامە. سوپای پاسداران وەك ئامرازی سەرەكی بۆ سەپاندنی هەژمۆنی ئیران‌و جێبەجێكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەناوچەكە كاردەكات بەتایبەتی لە بەحرەین، سوریا، عێراق، لوبنان‌و یەمەن.



PM:03:08:05/06/2015