زێباری: چەكداركردنی سوننەكانی پارێزگای ئەنبار كلیلی شكستی داعشە

‌زێباری
هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق رایدەگەیەنێت چەكداركردنی عەشایرە سوننەكانی پارێزگای ئەنبار دەتوانێت هۆكارێك بێت بۆ شكستی داعش لەو ناوچەیە.

زێباری لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ كەناڵی عەرەبییە وتی: "كەوتنی رۆمادی شكستێك بوو كە لە ئێستادا سەرقاڵی قەربووكردنەوەی ئەو شكستەین. هێزەكانی سوپا، حەشدی شەعبی‌و ئیئتلافی نێودەوڵەتی لەهەوڵی ئازاد كردنی رۆمادی دان".

وتیشی: "ئیئتلافی نێودەوڵەتی لەهێرشە ئاسمانییەكانیان بەردەوامن‌و ئەوان رەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر ئەوەی عەشایرە سوننەكانی چەكداربكەن‌و راهێنانیان پێ بكەن كە ئەمەش یەكێك لەهۆكارەكانی شكستی داعش دەبێت".

وتەكانی زێباری لەدوای ئەوەوە دێت كە كۆشكی سپی دوێنی رایگەیاند 450 شارەزای سەربازیی دیكە بۆ راهێنانی هێزە عێراقییەكان روانەی ئەم وڵاتە دەكات.

شاری رۆمادی رۆژی 17 مانگی ئایار لەپاش كشانەوەی سوپای عێراق لەوشارە كەوتە دەست چەكدارانی داعش.



PM:02:13:11/06/2015