سەڵاحەدین دەمیرتاش ئۆردوغان بە نغرۆی نێو دزی و گەندەڵی ناوزەد دەکات

سەلاحەدین دەمیرتاش لە لێدوانێکدا بە ناڕاستەوخۆ سەرۆکی تورکیا بە سیاسەتمەدارێکی نغرۆی نێو دزی و گەندەڵی ناوزەد.

هاوسەرۆكی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش سەردانی سەرۆكی ماڵەكانی گەل ئۆیا ئەرسۆی و محەمەد سۆغانجی كرد و دوای ئەو سەردانانە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا وتی: پێویستە ئێمە بە پەلە هەوڵ بۆ راگرتنی دوولایەنەی شەڕ و توندوتیژی و گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و دانوستان بدەین، منداڵانی ئەم وڵاتە گیانی خۆیان لەدەست دەدەن، گەنجەكانمان دەكوژرێن، پۆلیس، گریلا، خەڵكی مەدەنی و هەموویان منداڵی ئەم وڵاتەن و برای ئێمەن".

وەک ئاژانسی ئەنازۆڵ بڵاویکردۆتەوە، دەمیرتاش لەو کۆنگرە رۆژنامەگەریەدا وتی: بوێری لە سیاسەت بەمجۆرەیە، ئایا ئامادەن واز لە كورسییەكانیان بهێنن؟ ئایا ئامادەن لەبەر خەڵك و بۆ ماف و حەق و حقووقی خەڵك دەستبەرداری پلە و پایە و كورسییەكانیان بن؟ دووەم ئایا لە كاتی پێویستدا ئامادەن بۆ خەڵك و لە بەر خاتری خەڵك دەستبەرداری گیانی خۆیان بن؟ ئەو سیاسەتمەدارانەی كە ئەم شتانە بكەن دەتوانن ئاشتەوایی بەرقەرار بكەن، بە پێچەوانەوە ئەو سیاسەتمەدار و ئەو عەقڵیەتە سیاسییەی كە بێ نەهایەت شێت و شەیدای پلە و پایە، كورسی، دەسەڵات، پارە و هێزە و تا بنەقاقی نغرۆی نێو دزی و گەندەڵی بوونە بە هیچ شێوەیەك لە ئاشتی تێ ناگەن و نازانن ئاشتی چەندە بەنرخە. ئاكدۆغان بۆ خۆی یەك لەو وەزیرانەیە كە لە كاتی خوێندنەوەی رێككەوتنی دۆڵمەباخچەدا لەوێ ئامادە بوو و بۆ خۆی راگەینراوەكەی خوێندەوە، ناوی رێككەوتنی دۆڵمەباخچەیە، مادام وایە بۆ چی لەسەر ناوەكە رێككەوتوون؟ بە تۆمەتبار كردن و لە ژێر گۆمان هێشتی یەكتر ناتوانین بگەینە هیچ شوێنێك. پێویستە ئێمە زۆر بە پەلە و بە خێرایی هەوڵ بۆ رەخساندنی دەرفەت بۆ راگرتنی توندوتیژی و شەڕی دوولایەنە و زەمینەی گونجاو بۆ گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و دانوستان بدەین. منداڵەكانی ئەم وڵاتە گیانی خۆیان لەدەست دەدەن، گەنجەكانمان دەكوژرێن، سەرباز، پۆلیس، گریلا و خەڵكی مەدەنی هەموویان ئەندامی ئەم كۆمەڵگایەن و منداڵی ئەم وڵاتەن و برای ئێمەن بۆیە پێویستە بەپەلە بە شێوەیەكی دوو قۆڵی چەكەكان بێدەنگ بكرن و هەوڵ بۆ رەخساندنی كەشێكی دیموكراتیك بدەین. ئێمە لەگەڵ هەر سیاسەتمەدارێكدا كە بۆ ئەو مەبەستە هەوڵ بدات پێكەوەین، لە كامە پارتی سیاسی بێت و ناسنامە و بیروڕای سیاسی چی دەبێت با بێت".

دەمیرتاش وتی: "لە رۆژە سەختەكاندا تاقە رێگای چارەسەر كردنی پرسە ئاڵۆزەكان ئەوە نییە كە سیاسییەكان یەكتر تۆمەتبار بكەن، من بۆ تۆمەتبار كردنی هیچ كەس ئەو لێدوانانەم پێشكەش نەكردووە و لە پڕۆسە زەحمەتەكانی ئاشتەواییشدا بە تۆمەتبار كردن وبێ ئیعتیبار كردنی یەكتر ناتوانین بگەینە هیچ شوێنێك، لێرەدا بێ متمانەیی هەیە بۆیە لەو چوارچێوەیەدا من بانگ لە هەندی لە بەرپرسانی ئاك پارتی دەكەم كە ئەگەر دەیانەوێت دووبارە بۆ قۆناغی چارەسەری هەوڵ بدەن ئەوا داوایان لێ دەكەم كە رۆلی زیاتر بگێڕن و هەوڵی زیاتر بدەن. ئێمە وڵاتی خۆمان ناكەینە قوربانی ویست و حەز و ئاواتی چەند كەس و لایەنێك، گیانی گەنجانمان و تەبایی و ئاسوودەیی كۆمەڵگەی خۆمان ناكەینە قوربانی حەز و ئارەزووی چەند كەس و لایەنێك، لە نێو جەهەپە و ئاك پارتیدا ئەوانەی ئاشتییان دەوێت دەبێت دەنگی خۆیان بەرز بكەنەوە، بۆ چی هاتینە پەرلەمان؟  خەڵك بۆ چی دەنگی بە ئێمە دا؟ ئایا خەڵك بۆ دەرخستنی شەڕ و كوشتنی یەكتر دەنگی بە هەدەپە، جەهەپە و ئاك پارتی داوە؟  پێویستە وەكو پەرلەمانتارەكان دەنگی خۆمان بەرز بكەینەوە".

لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا لە بارەی هەڵوەشاندنەوەی مافی حەسانە لە پەرلەمان دەمیرتاش وتی: "بیروڕای هەدەپە لە بارەی هەڵوەشاندنەوەی حەسانەی پەرلەمانتارانی روون و ئاشكرایە وئێمە پشتگیری لە هەڵوەشاندنەوەی حەسانەی هەموو ئەندام پەرلەمانێكین. بۆ چی لە هاووڵاتییەكان زیاتر خاوەن مافی حەسانە بین؟ بۆ ئەو قسانەی كە لەسەر كورسی دەیانكەین بێجگە لە حەسانەی دەربڕینی بیروڕا و كورسی، پەرلەمانتارەكان پێویستییان بە حەسانە نییە، ئێمە پێویستیمان پێ نییە، ئەگەر دزیمان كرد با دەست بەجێ دادگایی بكرین، گەندەڵیمان كرد، دەست بەجێ دادگایی بكرین، پارەی خەڵكمان دزی با بەپەلە دادگاییمان بكەن، ئێمە حەسانەتمان ناوێت بەڵام نابێت بەو جۆرە جیاوازیش بكرێت پێویستە حەسانەی هەر 550 پەرلەمانتار هەڵبوەشێنرێتەوە".
 



AM:01:51:30/07/2015