بارزانی چاوی بە هەر دوو وەزیری دەرەوە و بەرگریی نەرویج كەوت

ئەمرۆ مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای وڵاتی نەرویج كرد كە پێكهاتبوون لە وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری و باڵیۆزی نەرویژ لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكار و كاربەدەستی وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی ئەو وڵاتە.

بەپێی هەواڵێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی نەرویج سوپاسی بارزانی كرد لەو ڕۆڵەی كە لە سەركردایەتیكردنی شەڕی داعشی گێڕاوە و هەروەها ئامادەبوونی بارزانی لە بەرەكانی شەڕی بە هۆكارێكی گرنگ و ئیلهامبەخش لە قەڵەم دا بۆ بەرزكردنەوەی ورەی پێشمەرگە و سەركەوتنیان لە بەرانبەر تیرۆریستان. هەروەها ئەوەیشی بە  بارزانی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێ لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان لە گشت قۆناغەكاندا.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا وەزیری بەرگریی نەرویج سوپاسی ئەو هەماهەنگییە بێوێنەیەی كرد كە لەنێوان ڕاهێنەرە سەربازییەكانی وڵاتەكەی و هێزەكانی پێشمەرگەدا بوونی هەیە و پڕۆسەی ڕاهێنانی پێشمەرگەی بە سەركەوتوو وەسف كرد هەم لە بواری فێربوونی شێوازەكانی شەڕكردن و بەرگری و هەمیش لەڕووی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری و زانیاری پێویست بۆ هێزی پێشمەرگە لە بوارە جیاجیاكاندا.



PM:03:40:24/08/2015