هەڵبژاردەی لاوانی كوردستان، پاڵەوانی جامی نەرویج خەڵاتكرا

KFA- ئەمڕۆ لە مەراسیمێكدا لە هەولێر، یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان هەڵبژاردەی لاوانی كوردستان، پاڵەوانی جامی نەرویجی خەڵاتكرد.


ئەمڕۆ لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنەی ئۆڵمپیی هەرێمی كوردستان و ئەمینداری گشتیی لیژنەكە، هەروەها سەرۆك و جێگر و ئەندامانی یەكێتیی تۆپی پێ، هەڵبژاردەی لاوانی كوردستان، كە مانگی رابردوو بوونە پاڵەوانی جامی نەرویج، خەڵاتكران و رێزیان لێنرا.


لە بۆنەكەدا سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان سەفین كانەبی جارێكی دیكە پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەی لاوان و ستافی مەشقی تیپەكە و تەواوی وەرزشوانانی كوردستان كرد بەبۆنەی بەدەستهێنانی جامی نەرویج لەلایەن هەڵبژاردەی لاوانەوە.


گوتیشی: "پێویستە شانازی بەو دەستكەوتە بكەین، چونكە لە بارودۆخێكی سەختدا بەدی هات و تیپەكە بە ئاستێكی بەرز و كوردانەوە توانیان ببنە پاڵەوان لە نێو دەیان تیپی وڵاتانی جیاجیاوە.


پاشان خەڵاتی تیپەكە كرا و تەواوی ئەندامان و یاریزانانی تیپەكە بە بڕێك پارە خەڵاتكران.


هەڵبژاردەی لاوانی كوردستان مانگی رابردوو لە چوارەم بەشداریی خۆیدا لە جامی نەرویج، بۆ یەكەمجار نازناوەكەی بەدەستهێنا و بە ئاستێكی بەرز دەركەوت.


speemedia


AM:01:32:06/09/2015