میترۆ: توندوتیژی دژی رۆژنامەنوسان ئەوەندەی تر یاسای خستە ژێر پرسیارەوە

سەنتەری میترۆ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و لەبەشێكیدا هاتوە "لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە لەشارەكانی هەولێرو دهۆك توندوتیژی و دەستبەسەركردنی رۆژنامەنوسان ئەوەندەی تر یاسای خستە ژێر پرسیارەوە".

سەنتەری میترۆ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و لەبەشێكی ئەو راگەیەندراوەدا هاتوە "لەماوەی 72 كاتژمێری رابردودا، پارێزەرانی یاسا، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، بە شەقو قۆناغە تفەنگ و دەستبەسەركردن وشكاندنی كەرەسەی رۆژنامەوانی روبەڕوی وێنەگرو پەیامنێرانی كەناڵەكانی  NRTو كوردسات نیوز و KNN دەبنەوە".

دەقی راگەیەنراوەكە بخوێنەرەوە:

21ی كانونی یەكەمی 2015 هەولێر: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنووسان رایدەگەیەنێت لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە لەشارەكانی هەولێرو دهۆك توندوتیژی و دەستبەسەركردنی رۆژنامەنوسان ئەوەنەی تر یاسای خستە ژێر پرسیارەوە.
لەماوەی 72 كاتژمێری رابردودا، پارێزەرانی یاسا، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، بە شەقو قۆناغە تفەنگ و دەستبەسەركردن وشكاندنی كەرەسەی رۆژنامەوانی رووبەڕوی وێنەگرو پەیامنێرانی كەناڵەكانی  NRT و كوردسات نیوز و KNN دەبنەوە.
پاش نیوەرۆی ئەمڕۆ دوشەممە راگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاگاداری تیمی كەناڵی KNN دەكەن بۆ روماڵی سەردانی سەرۆكی پەرلەمانتارانی عەرەب بۆ كەمپی ئاوارەكانی بحركە، بەڵام لەوێ رێگرییان لێدەكرێت و پاشان هێزێكی ئەمنی دەستبەسەریان دەكەن و دەبرێنە ئاسایشی هەولێر.
پەیامنێری كەناڵی كەی ئێن ئێن سالح هەركی بە میترۆی راگەیاند لەدوای ئاگەداركردنەوەمان لەلایەن راگەیاندنی پارێزگاری هەولێر بەمەبەستی روماڵكردنی ئەو سەردانە رومان كردە ناوچەی بەحركە‌و وتی "لەكەمپی بحركە ئاسایش پێی راگەیاندین ئێوە بەهۆی ئەوەی مۆڵەتی كاركردنتان لێوەرگیراوەتەوە بۆتان نیە روماڵی بكەن"
 ساڵح وتیشی "ئێمە بەناچاری گەڕاینەوە،دواتر لەرێگا ئوتومبێلێكی ئاسایش كەوتە دوامان وئێمەی برد بۆ ئاسایشی هەولێر، دوای نزیكەی سێ‌ كاتژمێر لەراگرتنمان وجوێن وسوكایەتی زۆر لەئاسایشی هەولێر ئازاد كراین ."
باسی لەوەشكرد كامێراو كەلوپەلی كاری رۆژنامەوانیمان لەلای ئاسایشی هەولێر لێوەرگیراوە پێیان نەدراوەتەوە جەختیكردەوە "بەڵینامەمان پێ‌ پڕكرایەوە بەوەی جارێكی تر روماڵی هیچ روداو كارێكی رۆژنامەنوسی لەسنوری هەولێرودهۆك نەكەین"
دەست بەسەركراوەكان بریتی بون لە سالح هەركی پەیامنێر، جەدەت ئەحمەد وێنەگر، فاروق خدر شوفێر.
هەروەها شەوی 19ی كانونی یەكەم لەكاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانێكی شوفێری بارهەڵگرەكانی توركیا توندوتیژی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسانی كوردسات و NRT، ئەنجامدرا.
پەیامنێری كەناڵی كوردسات نیوز لە زاخۆ، رەعد عومەر بە سەنتەری میترۆی راگەیاند، دەمانویست روماڵی خۆپیشاندانێكی شۆفێری بارهەڵگرەكانی توركیا بكەین لەسەر رێگای زاخۆ-ئیبراهیم خەلیل، "بەڵام لەلایەن ئاسایشی خاڵە سنورییەكەوە رێگریمان لێكرا و جنێو و سوكایەتیان پێكردین، لێیاندام و مایك و كامێراكەیان لێسەندین"  وتیشی "دواتر كامێراكەیان بەبێ‌ كاسێتەكەی پێداینەوە، لەكاتێكدا كەناڵێكی تر بەئازادی روماڵی دەكرد".
پەیامنێری كەناڵی NRT لە زاخۆ، فاروق عومەر بە میترۆی راگەیاند، سەرەتا لەلایەن ئاسایشێكەوە داوام لێكرا روماڵ نەكەم، كاتێك دەمویست بگەڕێمەوە بۆ لای سەیارەكەم "لەلایەن بەرپرسێكی ئاسایشەوە درامە بەر بۆكس و شەق" وتیشی "پاش ئەوە نزیكەی 10 كەسی تر كەوتنە پەلاماردانم بە قۆناغە تفەنگ و كوتەك و لەسەریاندام و بەهۆیەوە لەهۆش خۆم چوم" ئاماژەشیدا "پێشتر كامێراكەیان لەبەرچاوی خۆم شكاند و بردیان".
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت لەكاتێكدا سەرۆكۆنەی توندویژی و دەستبەسەركردنی رۆژنامەنوسان دەكەین رایدەگەینین "بەردەوام بونی یاساشكێنی لەلایەن ئەو هێزانەی دەبوو یاسا بپارێزن نەك هەر یاسای رۆژنامەنوسی بەڵكو سەروەری یاسا لە هەرێمی كوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە".
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.
 تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.سااَنی 2011 و 2012 و2013 و 2014، راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.



AM:09:39:22/12/2015