بە کۆمەڵێک کێشەوە د. نەجمەدین کەریم لەگەڵ بارزانی کۆدەبێتەوە

بەکٶمەڵێک کێشەی پارێزگاکەو کۆمەڵێک کێشەی خۆیەوە، د، نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک لەگەڵ بارزانی کۆبوەوە.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ د. نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک لەگەڵ بارزانی کۆبۆتەوە، چاودێرێکی سیاسی پێیوایە " ئەو سەردانەی پارێزگاری کەرکوک بۆ لای بارزانی پڕە لەکێشەی سیاسی و یاسایی".

ئەو چاودێرە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد " تا ئێستا ئەو بەهانەیە نەزانراوە کە د. نەجمەدین کەریم بۆ ئەو سەردانەی بۆ لای بارزانی کردووە، ئایا وەک سەرۆکی پارتی سەردانی کردووە، یان وەک سەرۆکی هەرێم، لەکاتێکدا ئەو پۆستەی بارزانی چۆڵی ناکات چەندان کێشەی لەسەرە ".

ئەو چاودێرە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە سەرۆکی ئەنجومەنیشەوە هەفتەی رابردوو بە میدیاکانیان راگەیاند " ماوەی ساڵێک زیاترە لەو دەمەوەی هەرێم نەوتی کەرکوک دەفرۆشێت ئەنجومەنەکە ئاگای لەبڕەکەی و داهاتەکەی نییە، لەکاتێکدا ئەو دەمەی لەلایەن بەغداوە دەفرۆشرا، مانگانە هەموو زانیارییەک دەربارەی دەزانرا".

بەپێی بۆچوونی چاودێرەکە ئەو سەردانەی د. نەجمەدین کەریم لەکاتێکدایە کە دوو هەفتە لەمەوبەر کۆسرەت رەسوڵ جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر دروستکرد.

ئەو سەردانە لەکاتێکدا دێت کە پەیوەندیەکانی بارزانی و د. نەجمەدین کەریم جگە لەم ماوەی پێشوو، بەدرێژایی چەندین ساڵ بەتایبەتی لەو دەمەوەی بوو بەپارێزگاری کەرکوک پەیوەندیەکی زۆر خراپ بووەو ناکۆکی و ململانێیەکی زۆریان لەنێواندا هەبووە. 




PM:09:18:24/01/2016