لە پێشوازی بنەماڵەی شاعیری گەورە شێرکۆ بێکەس، نەوشیروان مستەفا وتی" شێرکۆ بێکەس خزمەتێکی گەورەی ئەدەبیاتی کوردی کردوە".
ئێوارەی ئەمڕۆ یەک شەممە، ٧-٨-٢٠١٦ نەوشیروان مستەفا بە ئامادەبوونی عومەری سەید عەلی، پێشوازییان کرد لە خێزان و ماڵباتی شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس.
لەدانیشتنێکدا، نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، دەستخۆشی لەهەڵۆ شێرکۆ بێکەس کرد و وتی" دڵمان پێت خۆشە، پێمان وایە شێرکۆ بێکەس سەری بەرزە پێتان و ڕێگەی باوکتان لە خزمەتکردن بە شیعر و ئەدەبیات ون نەکردووە".
لە بەشێکی تری وتەکانیدا نەوشیروان مستەفا دەستخۆشی سەرخستنی سێەمین ساڵیادی کۆچی دوایی دوایی شێرکۆ بێکەسی بەرز نرخاند و وتی " ئەمساڵ یادێکی نمونەیتان کردووەتەوە. دەستان خۆش بێت، چونکە ئەو شاعیرە خزمەتێکی گەورەی شیعر و زمان و ئەدەبیاتی کوردی کردووە".
عومەری سەید عەلی، چەند بیرەوەرییەکی شێرکۆ بێکەسی گێڕایەوەو ئاماژەی بە ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی شێرکۆ بێکەس کرد لە ئەدەبیات و ڕۆشنبیریی کوردیدا.
هەڵۆ شێرکۆ هەندێ یادەوەریی ڕۆژانی کۆتایی تەمەنی شێرکۆ بێکەسی لە نەخۆشخانە گێڕایەوە و ئاماژەی بە پەیوەندی و دۆستایەتی لە مێژینەی نیوان شێرکۆ بێکەسی باوکی و نەوشیروان مستەفا کردو چەندی بەرهەمێکی چاپکراوی کۆتایی تەمەنی شێرکۆ بێکەسی پێشکەش بە نەوشیروان مستەفا و عومەری سەید عەلی کرد .