وێنە.. هۆڵیوود هونەرمەندێكی كورد خەڵات دەكات

لەچوارچێوەی ڕێوڕەسمی هەڵبژاردنی فیلمەکانی وڵاتانی ئاسیا، بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئۆسکار لە شاری لۆس ئەنجلوسی ئەمریکا، خەڵاتی باشترین فیلم و خەڵاتێکی رێزلێنان بە بەهای دە هەزار دۆلاری ئەمریکی درایە هەڵکەوت مستەفا،دەرهێنەری فیلمی کلاسیکۆ٠

هەڵکەوت مستەفا لەمبارییەوە بەرووداوی راگەیاند " ئەم خەڵاتە دەستپێکێکی باشە بۆ کەمپینی ئۆسکار، کە ئێستا لە شاری لۆس ئەنجلۆس  ئێمە کاری بۆ دەکەین"٠

فێستیڤاڵی فیلمەکانی ئاسیا ساڵانە لە هۆڵیوود بەڕێوە دەچێت،تایبەتە بەو فیلمانەی کە لە وڵاتانی ئاسیاوە نوێنەرایەتی وڵاتەکانیان دەکەن بۆ بەدەست هێنانی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین فیلمی بیانی، کە بە گرنگترین رووداوی سینەمایی لە جیهاندا دادەنرێت.

فیلمی کلاسیکۆ کە هەڵکەوت مستەفا کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجام داوە و ئێستا کاندیدی وڵاتی عێراقە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار، کە بڕیارە لە دەستپێکی ساڵی داهاتوو لە شاری لۆس ئەنجلۆسی ئەمریکا ئەنجامبدرێت٠

کلاسیکۆ سەرنجی ناوەندیە هونەرییەکانی جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، زیاتر لە مانگێکە لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە نمایش کردن٠

کلاسیکۆ، چیرۆکی دوو کورتە باڵای ناوچەی هەورامان دەگێڕێتەوە، کە بۆ گەیاندی دوو جووت کڵاش بەیاریزانی ئەستێرەی یانەی ریاڵ مەدرید کریستیانۆ رۆناڵدۆ خۆیان تووشی ململانێیەکی ترسناک دەکەنەوە



PM:03:54:02/11/2016