دوو گەنجی هەولێر لەسەرمادا رەق دەبنەوە

دوو گەنجی خەڵکی شاری هەولێر، لە رێگەی بولگاریا بەهۆی سەرماوە رەقبوونەوە و گیان لەدەستدا.

سەمەد عەبدولحەمید، برای یەکێک لەو گەنجانە لە بولگاریاوە بە  میدیایی رووداوی راگەیاند " تەلعەت عەبدولحەمیدی تەمەن 36 ساڵ و هەردی غەفووری تەمەن 29 ساڵ، رۆژی 14-12-2016 ماڵئاواییان لە هەرێمی کوردستان كردووە و چوونەتە تورکیا، دوای چوار رۆژ، 18-12-2016 لە تورکیاوە بەرەو بولگاریا بەڕێکەوتوون".

ئەو برایەی قوربانییەکە دەڵێت" 21ی مانگ گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ماوەی 48 کاژێر لەنێو بەفردا بەبێ نان و ئاو رێگەیان بڕیوە، لەکاتی گەیشتنیان بەو وڵاتە، هەردی گیانی لەدەستداوە".

تەلعەت عەبدولحەمید تەرمی هاوڕێكەی، واتە تەرمی هەردی غەفووری جێنەهێشتووە، "لەبەر مانەوەی تەلعەت بەدیار تەرمی هەردییەوە، دوای چەند کاژێرێکی دیکە تەلعەتیش گیانی لەدەستداوە، دواتر تەرمەکانیان گەیاندوونەتە نەخۆشخانەی شاری بۆرگاس لە بولگاریا"، وەک سەمەد عەبدوڵحەمید رایگەیاند. 

هاوژینی تەلعەت خوشکی هەردییە و باوکی حەوت منداڵە، پێشمەرگەش بووە. بەگوتەی براکەی هەردی، حکومەتی هەرێمی کوردستان کارئاسانی بۆ کردوون بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکانیان کە ئێستا لە دادپزیشکی شاری بۆرگاسن.




AM:10:34:07/01/2017