رەفسەنجانی سبەینێ لای خومەینی بەخاك دەسپێردرێت

بڕیاروایە سبەینێ سێشەممە ئەكبەر هاشمی رەفسەنجانی، سەرۆكی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە گۆڕستانی تایبەتی خومەینی، رابەری پێشووی ئێران بەخاك بسپێردرێت.

رۆژی یەکشەممە 8-1-2017 هاشمی رەفسەنجانی بەهۆی نەخۆشی دڵەوە، رەوانەی نەخۆشخانەی تەجریشی تاران کرا و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدا کۆچی دوایی کرد.

ئەكبەر هاشمی رەفسەنجانی
ناوی تەواوی "ئەكبەر هاشمی بەهرەمانی" لەدایكبوونی 1934 لەشاری رەفسەنجانی ئێرانە. ئەو یەكێك كەسایەتییە بەهێزەكانی كۆماری ئیسلامی بوو كە زیاتر لە دوو خول سەرۆكی پەرلەمانی ئێران‌و دوو خولیش سەرۆك كۆماری ئێران بووە.

رەفسەنجانی بۆ سێ دەیە یەكێك لە كەسە نزیكەكانی عەلی خامەنەیی رابەری ئێران بوو، بەڵام لەسەردەمی هەڵبژاردنی مەحمود ئەحمەدی نژاد بۆ سەرۆك كۆماری ئێران پەیوەندییەكانی لەگەڵ خامەنەیی تێكچوو.

مەهدی هاشمی كوڕی ئەكبەر هاشمی رەفسەنجانی بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ باڵی دەسەڵاتداری ئێران ماوەی 10 ساڵ سزای زیندانی بەسەردا سەپاوە، هەروەها فائیزەی كچی رەفسەنجانی بەهۆی نائارامییەكانی پاش هەڵبژاردنی ئەحمەدی نژاد ماوەی شەش مانگ زیندانی كرا.
كۆچی دوایی رەفسەنجانی كاردانەوەیەكی زۆری لێكەوتەوە. لەمبارەوە مریەم رەجەوی یەكێك لەسەركردەكانی رێكخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێران لەبەیاننامەیەكدا دەڵێت: رەفسەنجانی یەكێك لەوكەسانە بوو كە زۆرترین دەورونەقشی لە سەركوت‌و هەناردەكردنی تیرۆر‌و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی بووە.

گۆڕی روحوڵا خومەینی
گۆڕی روحوڵا خومەینی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی ()ی ئەڵمانی، گرانتری گۆڕە لەهەموو جیهاندا. بینای گۆڕەكە كە لە 600 هەزار مەتری دووجا پێكهاتوە، بە شێوازێكی ئەندازەیی پێشكەوتوو دروستكراوە كە لەبەرامبەر بومەلەزەیەك بەگوڕی 10پلە بە پێوەری ریختەر خۆی دەگرێت. لە منارە‌و گومەزەكانیدا نزیكەی 5 هەزار كیلۆ ئاڵتون بەكارهاتووە. لەیەكەم ساڵی دروستكردنیدا بڕی 2 ملیار دۆلاری بۆ تەرخان كرا‌و دواتر بەهۆی خەرجكردنی پارەیەكی زۆر هەرگیز بڕی تیچووی ئەو گۆڕە ئاشكرا نەكرا.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە بەپێی راپۆرتی میدیاكانی ئێران زیاتر لە 70%ی خەڵكی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریەوە دەژین.

وێنەكانی گۆڕەكەی روحوڵا خومەینی ببینە:



PM:03:16:09/01/2017