مەلا کرێکار لەبارەی سێکسەوە دەدوێت

مەلا کرێکار ئەمیری پێشووی ئەنسارولئیسلام و سەرۆکی ڕەوتی شاخ، لە چاوپێکەوتنێکدا باس لە سێکس دەکات و دەڵێت "هەم زەرەرە و هەم زەرورە"، هەر لەو چاوپێکەوتنەدا وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە ئایا سەیری کەناڵ و فیلمی سێکسی دەکات یان نا.
لە چاوپێکەوتنێکیدا کە ساڵی ٢٠٠٠ لە لایەن سالار حەمە عەلییەوە لە بارەی پرسی ژنان لەگەڵیداوە و مەلا کرێکار وەڵامی زۆر پرسیاری تایبەت بە ژنان و سێکس دەداتەوە و سپیش سەرنجڕاکێشترین پرسیار و وەڵامەکان بڵاودەکاتەوە.
سالار: سێکس چییە؟ مافە یان تاوانە؟
مەلا کرێکار: هەردوکیانە، چونکە سێکس زەرەریشە و زەروریشە.
سالار: بەڕێزت سەیری کەناڵەکانی ئیغراو سێکسی سەتەلایت دەکەیت؟ پێتباشە یان نا؟ بۆچی؟
مەلا کرێکار: نەخێر،  چونکە لە کوردستان هەر تەلەفزیۆنم نییە، لە نەرویجیش ئەو جۆرە کەناڵانە بە پارەیە، منیش پارەی خۆم بەو جۆرە شتانە نادەن و منداڵەکانیشم گەورەن (سێ منداڵ)، پێشم خراپە چونکە بازرگانیکردنە بە لەشی ئافرەتەوە، بە مەبەستی پارە پەیداکردن بۆ کۆمەڵێک سەرمایەدار.
سالار: بەڵام دەوترێت (موتعەو مەعریفەیە) چونکە هەم خۆشی و لەزەت دەدات بە مرۆڤ، هەم شارەزاو فێری ئەکات لە مومارەسەکردنی جندسدا و ترسی دەشکێت لە پڕۆسەکە.
مەلا کرێکار، بۆ یەکەمیان ئەگەر موتعە بێت لەبەر ئەوەی موتعەیەکی حەرامە نایکەم، چونکە هیچ جیاوازییەک نابینم لە وەرگرتنی پارەیەک کە ئەتوان بە ئاسانی وەریبگرم لە ڕێگەی بەرتیلەوە بەڵام نایکەم چونکە لە دینەکەماندا حەرام کراوە، لەبەر ئەوەی بەهۆی پابەندبوونم بە دینەکەمەوە ئەو موتعەیە لە خۆم حەرام دەکەم، بۆ ئەوەی دووەمیشیان کە ئەوترێت پڕۆسەیەکی جنسییە و خەڵک فێر دەکات، ئەیباشە خەڵکانێکی تر چۆن مومارەسەری جنسیان کردوووە  پێشت ئەوەی ئەو کەناڵانە هەبووبێت.
سالار: ئەوترێ لە ئەنجامی نەزانی و نەشارەزایی و ترسی کوڕ و کچ و ژن و پیاو، لە پڕۆسەی سێکسکردندا بە هەزاران کێشە دروست بووە و ئاکامی خراپیشی لێ کەوتووەتەوە، واتە پێشتر ئەو پڕۆسەیە کێشەی زۆری لەگەڵدا بووە، بەڵام ئێستا کەمتر بووەتەوە، چونکە ئاسایی بووەتەوە ئەویش لە ئەنجامی سەیرکردنی خەڵکی بۆ ئەو کەناڵانە.
مەلا کرێکار: من پێم وایە ئەوە تەلسمێک نییە کەس نەتوانێت بیشکێنێت و هاوکێشە و مەتەڵێکیش نییە شیکار و چارەسەری گران بێت، بەڵکو کارێکی زۆر ئاسان و سروشتییە.
سالار: بڕوات بە هاوڕێیەتی کوڕ و کچ هەیە؟ بۆچی؟ 
مەلا کرێکار: نەخێر چونکە سەردەکێشێت بۆ فیتنە و ناکۆکی
سالار : بڕوات بە ئازادی جنسی هەیە؟ بۆچی؟ 
مەلا کرێکار: نەخێر، چونکە بەرەڵایی و فەوزایە
سالار: بڕوات بە یاسای گەی هەیە؟ بۆچی؟
مەلا کرێکار نەخێر چونکە کارێکی ناسروشتییە و شەرمیشم لە باسکردنی دێت.
سالار: زەواجت کردووەو بۆی؟
مەلا کرێکار: بەڵێ لە ساڵی ١٩٨٤ەوە بۆ پێکەوەنانی خێزان و زیادکردنی زوڕییەت و وەڵامدانەوەی پێداویستییە بایەلۆجییەکانم
هەر لەو چاوپێکەوتنەدا باس لەوە دەکات هاوسەرەکەی پێشتر کچێکی کۆمەنیست بووە و دەڵێت بە خۆشەویستیش نەبووە و هیچ کاتێک بیری لەوە نەکردووەتەوە کە لێی جیاببێتەوە و ئامادەش نییە ژنی بەسەردا بهێنێت، هەروەها ئەمە بەشێکە لە چاوپێکەوتنێکی درێژ کە لەگەڵ چەندین کەسایەتی ناسراوی دیکەی کورددا بەهەمان شێوە ئەنجامدراوە، کە سپی بە زنجیرە بڵاویدەکاتەوە
مەلا کرێکار، ئەو پیاوە کەڵەگەتە باڵابەرزە ڕیش ماشوبرنجییەی کە لەگەڵ دەرکەوتنەوەیدا و بە لێدوانە ئاگرین و حەماسییەکانی دەبێتە جێگەی سەرنج، ئەو زۆرێک بە سەرکردەیەکی ئیسلامی توندڕەو ناوی دەبەن و بەشێکیش پێیان وایە کە ئەو تەنها قسەی هەیە و کرداری نییە.
مەلا کرێکار ساڵى ١٩٥٦ لە سلێمانى لە دایکبووە،  ماوه‌یه‌ك له‌ناو پارتیدا کاری کردووە دواتر تێکەڵاوی ڕەوتە ئیسلامییەکان دەبێت و بەشێک لە وێستگەکانی ژیانی لە ناو بزووتنەوەی ئیسلامیدا بەسەر دەبات، بەڵام دواتر ئەو گروپى ئەنسارولئیسلامى دامەزراندووە و خۆى سەرۆکى گروپەکە دەبێت تا ساڵی ٢٠٠٢، ئەو ئەمارەتێک دادەمەزرێنێت لە ناوچەی هەورامان و زۆرێک ئاماژە بەوە دەکەن کە مەلا کرێکار و گروپەکەی چەندین کاری "تیرۆرستیان" ئەنجامداوە، ئەم پیاوە ڕەنگە بۆ زۆرکەس ئاسان نەبێت کە وێنەی مەلا کرێکاری بانگخواز، وەک عاشقێک و شاعیرێک بهێننە پێش چاوی خۆیان.
کەسە نزیکەکانی مەلا کرێکار باس لەوە دەکەن کە ناوبراو لە ژیانیدا سێ جار عاشق بووە و ویستوویەتی هاوسەرگیری بکات، یەکەمین عاشق بوونی مەلا کرێکار بۆ ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، کە ئەوکات گەنجێکی نوێژکەر دەبینێت کە زۆرکات لە ڕێگای چوونی بۆ مزگەوت کچێک دەبینێت، کە تا ساڵی ١٩٧٤ بە نهێنی عاشقی ئەو کچە دەبێت و دواتر باوک و دایکی کرێکار دەچنە داوای ئەو کچە، بەڵام خێزانی کچەکە ڕازی نابێت و کچەکەیان نادەنە کرێکار.
نەجمەدین فەرەج ئەحمەد کە ناسراوە بە کرێکار دوای ئەو شکستە لە فەرمانگەیەکی شاری هەولێر دادەمەزرێت و عاشقی کچێکی عەرەب دەبێت، بەڵام ئەم خۆشویستنەی کرێکار یەک لایەنە دەبێت و ئیدی چیرۆکی یەکەم دووبارە دەبێتەوە، بەڵام ئەم جارەیان کچەکە ئامادە نابێت لەگەڵ مەلا کرێکار هاوسەرگیری بکات.
ئەو سەرکردە ئیسلامییە جارێکی دیکەش عاشقی خزمێکی خۆی دەبێت بەڵام کچەکە هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕی پوورێکی خۆی دەکات، ئەمەش بە تەواوی مەلا کرێکار نائومێد دەکات.
ساڵی ١٩٨٤ مەلا کرێکار کچێکی شیۆعی دەناسێت، ماوەیەکی زۆر هەوڵی لەگەڵ دەدات کە باوەڕی ئەو کچە بە ئاین زیاد بکات و لەو ساڵەدا مەلا کرێکار هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کچەدا دەکات کە تا ئێستا هاوسەرییەتی، بەڵام هاوڕێ نزیکەکانی باس لەوە دەکەن کە کرێکار زۆر نایەوێت دەربارەی هاوسەرەکەی بدوێت و هەمیشە بە پێکەنینەوە کۆتایی بە باسکردنی ئەو ڕۆژانە دەهێنێت کە تێیدا هاوسەرەکەی ناسیوە.



PM:08:55:10/03/2017