لە مۆبایلی چەکدارێکدا وێنەی ساتی شەهید بوونی شیفا گەردی بڵاوکرایەوە

چەند وێنەیەکی چەند چرکەیەک بەر لە شەهید بوونی شیفا گەردی لە نزیک چاڵی مەرگ بڵاوکرایەوە کە لەلایەن چەکدارێکی حەشدی شەعبییەوە بە مۆبایل گیراوە.

ماڵپەڕی ڕووداو وێنەی شیفا گەردی لەدوا ساتەکانی و لە نزیک چاڵی خەسفە بڵاودەکاتەوە، کە بە مۆبایلی سەید عەلی، یەکێک لەو چەکدارانەی حەشدی شەعبی کە لەگەڵیدا شەهیدبووە گیراون.

لە هەواڵەکەی ئەو ماڵپەڕەدا هاتووە "وێنەکان بە مۆبایلی سەید عەلی گیراون و لەلایەن خانەوادەکەیەوە وێنەکان بۆ رووداو نێردراون. وەک لە وێنەکاندا دەردەکەوێت، شیفا گەردی لەگەڵ هاوڕێکانی بەرەو چاڵاکە دەڕۆن."

هەروەها نوسراویشە "چاڵی مەرگ، ئەو چاڵەی شیفا گەردی دەیویست راپۆرتێكی لەسەر ئامادەبكات، بەلای خەڵكی شاری مووسڵەوە زۆر ئاشنایە. لەو چاڵەدا پەپوولەی مەرگی چەندین كەس بەرەو ئاسمان هەڵفڕیوە. چاڵی خەسفە، كە كردەوەكانی داعش ناوەكەی زەقكردووەتەوە بە (چاڵی مەرگ)، لە دووریی 20 كیلۆمەتر لە باشووری موسڵ و 5 كیلۆمەتر لە گوندی عەزبە، لەسەر رێگەی مووسڵ- بەغداوە هەڵكەوتووە."



PM:09:27:06/04/2017