"ئەگەر مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوێر بونایە دەبوایە مەلا بەختیار دلێری سەید مەجید دەرکەن"

هەڵۆی ئیبراهیم ئەحمەد لەوتارێكدا پێیوایە بەشداربووانەی كۆبوونەوەی دوێنێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەبوایە " مەلا بەختیار‌و دلێری سەید مەجید دەربكەن‌و رادەستی دادگایان بكەن".

هەڵۆی كوڕی ئیبراهیم ئەحمەد، لە وتارەكەیدا بەناوی "رۆژێكی رەش بۆ یەكێتی" دەنوسێت: کۆبونەوەی دوێنێی ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی جارێکی تر ئەو ڕاستییەی سەلماند کە ئەمانە بەدووری زەوی لە ئاسمانەوە، دوورن لە تێگەیشتنی باری ناوخۆی حزبەکەیان و کارەساتی ژیانی هاووڵاتیانەوە.

سەرەڕای ئەمەش، ڕاگەیەندراوی رۆژنامەوانی ئەم کۆبونەوەیە، هەموو ڕاستییەکانی چەواشەکردووە، پەیڕەو و پرۆگرامی یەکێتیی سەرەوژێر کردووە و تەنانەت بەها کۆمەڵایەتییەکانیشی خستۆتە ژێر پێ.

هەروەها دەنوسێت: " ئاخر ئەگەر بە کوردی نەم ووتبا مەلا بەختیار چییە و چی کردووە ئەوا هەقتان بوو تێنەگەن، بەڵام من خۆم شەرمم کرد کەوا بەڕاشکاوانە باسم کرد! ئەگەر ئێوەی م.س. لەمە حاڵی نەبن، ئەی چۆن لە دۆخی ئاڵۆزی ئەم ووڵاتە تێئەگەن و چارەسەری بۆ ئەدۆزنەوە؟".

لەبەشێكی نوسینەكەی هەڵۆی ئیبراهیم ئەحمەددا هاتووە: " ئەگەر بەشداربووانی ئەم کۆبونەوەیە مسقاڵێک بوێر و دڵسۆز بوونایە بۆ ڕیبازی یەکێتی، ئەبوایە مەلا بەختیار دەرکەن و ڕەوانەی دادگای بکەن، ئەبوایە دلێری سەید مەجید دەرکەن و ڕەوانەی دادگای بکەن. ئەبوایە پشتگیری خۆیان بۆ نەخشەڕێگای یەکێتی دوپات بکەنەوە وە کاتێک دەستنیشان بکەن بۆ یەکگرتنی یەکێتی و گۆڕان. ئەبوایە هاوخەمی خۆیان بۆ خەڵکی کوردستان دەربڕن و بەڵینیان بێ بدەن کە بە هەموو هێز و توانایانەوە هەوڵ ئەدەن بۆ باشکردنی گوزەرانیان".

لەكۆتایی وتارەكەدا هاتووە "لە کۆتاییدا ئەڵێم، دوێنی ڕۆژێکی ڕەش بوو بۆ یەکێتی و بۆ ئەم هەرێمە، ئەم کۆبوونەوەیە و هەموو دەرئەنجامەکانی لەبەرژەوەندی میللەت و یەکێتی و گۆڕان و حیزبەکانی تر دا نەبوو، تەنها یەک براوەی هەبوو: مەسعود بارزانی.".



PM:03:22:09/04/2017