جەمیل بایك: بیر لەوە ناكەینەوە لەكەركوك و شەنگال ببینە خاوەنی دەسەڵات

هاوسەرۆكی كەجەكە رایدەگەیەنێت، هێزەكانی گەریلا قەت بیر لەوە ناكەنەوە كە لە كەركوك و شەنگال و مەخمور ببنە خاوەن دەسەڵات، دەشڵێت، ئێمە لەبەر نەوت نەچوینەتە كەركوك.

جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) بەسایتی مۆنیتۆری ئەمریكی وتوە، بونی هێزەكانی پەكەكە لەكەركوك پەیوەندیی بەنەوتەوە نییە، كاتێك داعش هێرشی كردە سەر باشووری كوردستان نیوەی هەولێر چۆڵكرا، مەترسی لەسەر كەركوك هەبو، خەڵكی سلێمانی خەمباربون، گەریلا بەرەو كەركوك بەڕێكەوتن، یەكێتی پێشتر بۆ خەباتی سیاسیش رێگای بە پەكەكە نەدەدا، بەڵام لەبەرامبەر چونی گەریلاكان بۆ كەركوك ئاستەنگی دروست نەكرد.

دەشڵێت: چونی گەریلا بۆ كەركوك هەموانی خوشحاڵ كرد، وەك چۆن بەرخۆدانی خەڵكی مەخمور دڵی هەموانی شادكرد و ورەیدا بەخەڵك و رێگای نەدا هەولێر چۆڵ بكرێت، چون بۆ كەركوك بۆ دانەبەزینی ورەی خەڵكی سلێمانی بو، ئەگەر وا نییە بۆچی مەسعود بارزانی چو بۆ مەخمورو دەستخۆشی لەهێزەكانی گەریلا كرد؟ بۆیە گەریلاكان لەوێ لەگەڵ پێشمەرگەكان دەمێننەوە.

لەبەشێكی تردا جەمیل بایك رایگەیاندوە، خەریكە جەنگی سێیەمی جیهانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەچێت، لەدۆخی ئێستادا دۆخی پارچەیەكی كوردستان ناتوانێت دابڕێت لەدۆخی پارچەكانی دیكە، چارەنوسی گەلی كورد پەیوەستە بەیەكەوە، پێویستە تێكۆشانی گەلی كورد لەئاستی جیهانیدا بەڕێوەبچێت.

راشیگەیاندوە،  هێزەكانی گەریلا قەت بیر لەوە ناكەنەوە لەكەركوك ببنە خاوەنی دەسەڵات، لە شەنگال و لە مەخموریش قەت بیر لەمە ناكەنەوە، بیر لەوەدەكەنەوە كە گەلی كورد لەچوارچێوەی جەنگی سێیەمی جیهانیدا بەهێزتر ببن.



AM:10:13:13/04/2017