پەرلەمانتارێکی گۆڕان باس لەوە دەکات پیلانێکی نهێنی پارتیان لەدژی گۆڕان ئاشکراکردووە کە چەند ئامانجێک لەخۆدەگرێت
هۆشیار عەبدوڵا، بەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە نوسینێکدا چەند زانیاریەک ئاشکرادەکات و ڕایدەگەیەنێت "پارتی دیموکراتی کوردستان جگە لەوەی پیلانی شکاندن و تیرۆرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووس و کەسە ئازادانەی داڕشتووە کە بە ڕیفراندۆم دەڵێن نا، هەڵمەتێکی تایبەت لەدژی گۆڕانیش بەڕێوە دەبات کە ئامانج لێی پشێوی دروستکردن و دووبەرەکیە لەنێوان تێکۆشەری دێرین و نەوەی نوێی بزووتنەوەکە".
دەقی نوسینەکەی هۆشیار عەبدوڵا کە چەند زانیاریەکی دیکەی تێدایە:
هێشتا لە کوێتانە !
ئاشکرا کردنی پیلانێکی ژوری عەمەلیاتی پارتی دژی گۆڕان
ژورێکی عەمەلیاتی تایبەت بە میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بارزانی لە بەرپرسی ئۆرگانە میدیاییەکانی پارتی پێک هاتوە و ئامانجی سەرەکی بریتیە لە شکاندن و تیرۆری کەسایەتی ئەو نوسەر و ڕۆژنامەنوس و چالاکوان و سیاسی و پەرلەمانتارانەی کە دژی ڕیفراندۆمە حیزبیەکەی بارزانین .
ئەو ژورە بۆ میدیای ئازاد و بۆ نوسەرانی سەربەخۆ و چالاکوانان چەندین پیلان و هەوڵیی جیایان هەیە ، بۆ بزوتنەوەی گۆڕان پیلانێکی تایبەتیان هەیە کە پوختەکەی ئەخەمە ڕو ؛
لە بەر ئەوەی کە پێیان وایە لە ڕێگەی پەیجەکانی پارتیەوە ناتوانن کاریگەری بخەنە سەر ڕایگشتی کوردستان بە گشتی و ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان بە تایبەتی ، چەندین پەیجیان بەناوی بزوتنەوەی گۆڕان یا ناو و لوگۆی گۆڕان ، یا ناو و وێنەی نەوشیروان مستەفاوە کردۆتەوە ، هەوڵی کڕینی زۆرێک لە پەیجە بێ لایەن یا نزیکەکانی گۆڕانیان داوە هەندێکیان کڕیون و واشیان کردوە کە ئەو پەیج سایتانە هێرش بکەنە سەر پارتی و خودی بارزانیش بەڵام لە پاڵ ئەوەدا بە ناوی دڵسۆزی بۆ گۆڕان کار لەسەر نانەوەی پشێوی و دوبەرەکی بکەن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا .
لەو پەیجانەدا کە بەناوی گۆڕان یا نزیکی گۆڕانەوە ئەکرێنەوە چەند ئەرکێکیان بۆ دیاریکردون دیارترینیان ئەم سێ خاڵەی خوارەوەیە ؛
یەک/ پێیان وتون تا بۆتان ئەکرێ هەوڵی دروستکردنی ناکۆکی بدەن لەنێوان تێکۆشەری دێرین و نەوەی نوێی ناو بزوتنەوەکە ، لەو بارەیەوە شەش ڕێنماییان بۆ نوسیون .
دو/پێیان وتون باسی کوڕەکانی کاک نەوشیروان بکەن دیعایە بکەن کە گۆڕانیش ئەبێتە حزبی بنەماڵە ، ئاماژەیان بە چەندین سیناریۆ کردوە کە تایبەتن بە گردی زەرگەتە ، کۆمپانیای وشە .
سێ / پێیان وتون ئەو گەنجانەی ناو گۆڕان کە توندڕەون و دژی بارزانی و پارتین ، سوکایەتی و تەشهیریان پێبکەن و بەناوی پەیجەکانی گۆڕانەوە وا بکەن کاریگەریان لەسەر ڕایگشتی کەمبێتەوە ، چەندین ناویان بۆ دیاریکردون کە ئەبێ بەردەوام کاریان لەدژ بکەن .( لەبەر چەند ئیعتیباراتیک کە پەیوەستە بە سەرچاوەی زانیاریەکان نامەوێ بڕۆمە چەند وردەکاریەکەوە ، ئەگەرنا هەمویمان لەبەر دەستدایە )
بەلامەوە گرنگ بو ، هاونیشتیمانیان بە گشتی و گۆڕانخوازان بە تایبەتی ئیدی وردی ئەوە بن ، مەرج نیە هەر پەیج و سایتێک ئاڵا و لوگۆی گۆڕانی دانا بو ، یا دو قسەی لەسەر بارزانی و پارتی کرد ، پێگەی ڕەسەنی گۆڕان یا بێلایەن بن، پەیجە ڕاستەقینەکان دیارن و جیاکردنەوەیان لەو فەیک و تەزویرانە ئاسانە ، بەڵام ئەوانەی کە لەپاڵ قسە وتن یا تەنانەت قسەی ڕەق وتن بە پارتی یا بارزانی خەریکی ژەهر ڕشتنن لە دژی گۆڕان و دۆخی ناوخۆی بزوتنەوەکە و ئەو هەڵسوڕاوانەی کە لە میدیاکانەوە بە توندی لە ئاستی ئەجێنداکانی پارتی وەستاونەتەوە ئەوانە ئەجیندای پارتین و دوازانیاریش کە گرینگترینە ئەوەیە کە لە ڕێگای خەڵکانێکەوە ئەو کارانە جێبەجێئەکرین کە بە ئاشکرا پارتی نین بەڵکو سەر بە دەزگا جاسوسیەکانی ئەو حیزبەن و خۆیان وەک لایەنگر و ئەندامی لایەنەکانی تر ، یا خەڵکانی سەربەخۆ نیشان ئەدەن ، هەشیانە بەرپرسە و پلەی باڵای هەیە لەو حیزبانەدا و بۆ ئەو مەبەستە لە ژێر فەرمانی پارتیدان .
ئەو هەوڵ و پیلانەی پارتی ، ئەگەر گوزارشت بێت لە شتێک ، گوزارشتە لە شکست و ترسیان لە لاوازی متمانەیان لەناو ڕایگشتی خەڵکی کوردستاندا ، ئەگەر ئاستی ململانێی سیاسیی لای بەرپرسی میدیاکانی پارتی گەیشتبێتە ئەو ئاستەی دڵیان بەوە خۆش بێت بە دو هاش و هوشی ناو فەیسبوک و میدیا ساردمان ئەکەنەوە ، یا پێیان وابێت بەوە لە داکۆکیکردن لە قەناعەت و باوەڕەکانمان ئەوەستین ، یا ئەجێندا مەترسیدارە شەخصی و حزبیەکانی بارزانی ڕەتناکەینەوە کە خەریکە ئەم هەرێمە و خەڵکەکەی توشی کارەسات ئەکا ، ئەوە من بەش بەحاڵی خۆم و لە بری هاوڕێکانیشم پێیان ئەڵێین ، هێشتا لە کوێتانە ؟!