یەكێتی هەڕەشە لە بەرپرسێكی باڵای پارتی دەكات

ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی ئاشكرای دەكات، قاسم شەشۆ ئەو هۆڵەی مام جەلال بە دیاری بۆ شنگالیەكانی دروستكردبوو، داگیریكردووە، بۆیە داوای بەپەلە چارەسەر كردنی ئەو كێشەیە دەكەن و دەڵێن " یەكێتییەكان بەرانبەر بەو رەفتارە بێدەنگ نابن"

ئەمڕۆ سێشەممە 18ی تەموز وتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە دوای روخانی رژێمی بەعس، مام جەلال هۆڵێكی لەسەر چیای شنگال لە تەنیشت مەزاری شێخ شەرەفەدینەوە بۆ شنگالیەكان دروست كردووە و پێشكەشی جەماوەری شنگالی كرد بۆئەوەی ئیزدییەكان لەو هۆڵەدا مەراسیمەكانیانی تێدا ئەنجامبدەن، بەڵام لەلایەن قاسم شەشۆ فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال داگیركراوە.

دەشڵێت "ئەو رەفتارەی قاسم شەشۆ جگەلەوەی بەهیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نییە، لەهەمان كاتدا لەگەڵ ناوی كەسێك ناگونجێت كە فەرماندەی هێزی پێشمەرگە بێت".

هەر لە راگەیەندراوەكەدا، هاتووە "بەتوندی ئەو رەفتارە داگیركاریە شەرمەزار دەكەین و داوا دەكەین بە زوترین كات ئەو هۆڵە چۆڵ بكرێت بۆئەوەی شنگالییەكان سود لەو دیارییەی مام جەلال وەربگرن ".

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەكراوە، دۆخی شەنگال زۆر ئاڵۆزە و ئەگەر قاسم شەشۆ خۆی بە دڵسۆزی ئێزدییەكان بزانێت، دیارییەكەیان داگیر ناكات و گرفتێكی دیكە بۆ شنگال دروست ناكات.
 
دەشڵێت "بەدواداچونمان بۆ ئەو بابەتە كردووە و قاسم شەشۆ پرسی بە هیچ بەرپرسێكی حزبی و حكومی یەكێتی نەكردووە، هەروەك داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە دەكەین بەپەلە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات، چونكە یەكێتییەكان بەرانبەر بەو رەفتارە بێدەنگ نابن و هەڤاڵ مام جەلال موڵكی هەمووانە".



PM:03:26:18/07/2017