سپی ناوەرۆکی لیژنەی بالآی ریفراندۆم بە ئامادەبوونی بارزانی بلآودەکاتەوە

بەشداربووان کۆمەڵێک پرسیان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی بالآی ریفراندۆمدا باس کردووە، سپی ناوەرۆک هەندێک لەو گفتوگۆیانە بلآودەکاتەوە.

بەپێی زانیاریەکانی سپی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی بالآی ریفراندۆمدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت لە میانەی قسەکانیدا باسی بارودۆخی ئابوری و بژێووی خەڵکی کردووە، لەمیانەی ئەو قسانەدا سەرۆکی حکومەت هیچ ئاماژەیەکی نزیکی بۆ چاککردنی سیستەمی مووچە نەکردووەو، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە حکومەت قەرزارەو پێویستە مانگانە پارەی قەرزی ئەو کۆمپانیا بیانیانە دەداتەوە، هەروەها باسی لە زۆری ژمارەی مووچەخۆرانی کوردستان کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی کە لەچەند بەشداربوویەکی ناو کۆبوونەوەکەوە دەستی کەوتووە، هیچ ئاماژەیەک نییە لە ئاسۆیەکی نزیکدا دەستکاری مووچە بکرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا جگە لەوە بڕیار دراوە بە زووترین کات لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ سەردانی بەغدا، هاوکات بڕیار دراوە سکرتاریەتێک بۆ لیژنەی ریفراندۆم پێکبهێنرێت، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە سکرتاریەتەکە پێکدێت لە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، هەروەها وتەبێژێک کە بەناوی ریفراندۆمەوە لێدوان بدات.




PM:09:34:30/07/2017