ئەمڕۆ
٣ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر جینۆسایدکردن و کوشتارى بەکۆمەڵى ئێزیدییەکان لەلایەن
چەکدارەکانى داعشەوە، کە هاوکات تاوانى دژ بە مرۆڤایەتییە لەلایەن ڕێکخراوى نەتەوە
یەکگرتوەکانەوە بە جینۆساید ناسێنراوە، بەڵام هێستا ئەو شارە ئاوەداننەکراوەتەوە و
تفەنگی "براکانیش لەسەر پێن".
مێژووی شەنگال مێژوویەکی دووبارەیە بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان لە ساڵی ١٠٧٥ زاینیدا ژمارەی
دانیشتوانەکەی زیاتر لە ٣٠ ھەزار کەس بوونە و ھەروەھا لە ساڵی ١٣٩٤
زاینیدا ژمارەی خانووەکانی زیاتر لە ٣٥ ھەزار خانوو بووەو کاتێک تەیموری
لەنگ داگیری کردووە ھەر ٣٥ ھەزار خانووەکەی رووخاندووە. پاش ئەوەی لە
ساڵی ١٥١٦ لە لایەن عوسمانیەکانەوە داگیرکراوە و وەک شار و شارۆچکەکانی
دیکەی کوردستان، شەنگار بۆتە مەیدانی ململانێی نێوان عوسمانیەکان و سەفەویەکان،
بۆیە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا بەتایبەت لە ساڵی ١٩٤٧ دا ٦٠٠
ماڵ بووە کە بەسەر ٦ گەڕەکە سەرەکیەکەیدا دابەشبووە کە بریتی بوون
لە سەرا و بورج و کەلاھی و بەرسەھی و بەربەروش . لەو ماوەیەدا،
بازاڕێکی گشتی و دوو خان و مزگەوتێکی گەورە و دوو کەنیسە و فەرمانگەیەکی
حکومی و شارەوانیەکی تێدا بووە و ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٥١٣ کەس بووە.
لە نێوان ساڵانی ١٩٤٧ _ ١٩٨٠دا، چەند گۆڕانێکی بنەڕەتی بە سەر بونیادی
شاری شەنگاردا هاتووە و تەعریب کراوە. یەکەمین ھەنگاوێکیش لەو چوارچێوەیەدا
نراوە بریتی بووە لە تەملیککردنی ٢٣٣٥٥ دۆنم زەوی لە ڕۆژهەڵاتی شەنگار بۆ
ئەو ھۆزە عەرەبانەی کە لە دەرەوەی قەزاکە و پارێزگای نەینەواوە
ھێنرابوون . ھەروەھا لە ڕۆژئاواشیەوە دەسەڵاتدارانی سیاسی دەستیان گرتووە
بەسەر زیاتر لە ٦٠ ھەزار دۆنم زەویی کوردە ئێزیدیەکانی ھۆزەکانی قەیران
و فەقرادا. لە باکوری شارەکەشەوە کە ناحیەی (سنونێ)ی لێیە لە لایەن
ھۆزە عەرەبەکانەوە دەست گیراوە بەسەر دەیان ھەزار دۆنم زەویدا. بەگوێرەی
ئاماری ساڵی ١٩٥٧، ژمارەی دانیشتوانی شەنگار بۆتە ٣٢٠٤ کەس و ژمارەی
خانووەکانیشی ٧٦٥ خانوو بووە.
بە گوێرەی ئاماری ساڵی ١٩٥٧ ژمارەی
دانیشتوانی ئەو قەزایە گەیشتە ٨٢٦٠ کەس و لە ساڵی ١٩٩٧ گەیشتۆتە ١٤٦٠٨
کەس و ئەو ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٠٢شدا گەیشتۆتە ١١٣١٥٩ کەس. ساڵ بەساڵ
زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی شەنگال ئەوە دەردەخات کە حکومەتە نەژادپەرست
و عەرەبچیەکانی عێراق بەئارەزووی خۆیان دەستکاریی دیمۆگرافیای ئەو شارەیان
کردووە و چۆنیان ویستووە، گۆڕانکارییان تێدا کردوە.
ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەکدارانی داعش بە
بەرەنگارییەکی کەمەوە توانییان شارۆچکەی شەنگال داگیربکەن زۆرینەی دانیشتوانەکانی
یان بکوژن یاخود بیانکەن بە کەنیزەک.
چەکدارانی داعش لە ١٠ى حوزەیرانى ساڵى ٢٠١٤ شارى موسڵیان کۆنترۆڵکرد.
دوابەدواى کۆنترۆڵ کردنى موسڵ لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ دا هێرشیان کردە سەر شەنگال.
چەکدارانى داعش لە هێرشەکەیاندا بۆ سەر شەنگال شەش هەزار و ٥٢٨ هاووڵاتیى
ئێزیدییان کۆمەڵکوژ کرد و زۆربەى ئەو کەسانەیان لە ٤٠ گۆڕى بە کۆمەڵدا لە شەنگال و
دەورووبەریدا شاردووەتەوە.
ئۆپراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى شەنگال بە هاوبەشى هێزى پێشمەرگەى
کوردستان، هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) و یەبەشە و فڕۆکە جەنگییەکانى
هاوپەیمانان لە کاتژمێر حەوتى سەرلە بەیانى ڕۆژى ١٢ى تشرینى دووەمى ٢٠١٥دەستیپکرد
و لە نیوەڕۆى ڕۆژى ١٣ى تشرینى دووەمى ٢٠١٥ لە دواى ساڵێک و سێ مانگ و نۆ ڕۆژ ئەو
قەزایە لە دەستى چەکدارەکانى داعش دەرهێنرا و کەوتەوە ژێر کۆنترۆڵى هێزە
کوردییەکان.
دوای نزیکەی ساڵێک لە ئازاکردنی لە ئێستدا تفەنگەکانی هێزەکانی سەر بە
پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزەکانی سەر
بە پارتی کرێکارانی کوردستان تفەنگەکانیان دژی یەکتر لەسەر پێن و ناوچەکەش ئاوەدان
نەکراوەتەوە و چەندین هێزی چەکداری جیاوازی تێدایە.
لەگەڵ شەنگالدا چەندین کەسایەتی دەرکەوتن، کە دیارترینیان نادیە موراد
کچە کوردى ئێزیدى خەڵکى گوندى کۆجۆى باشوورى شەنگالە. لەدواى هێرشى چەکدارەکانى
داعش لەلایەن ئەو گروپەوە فڕێندرا و دواى نزیکەى ساڵێک لە دەستبەسەرى توانیى خۆى
لە دەستى ئەو گروپە چەکدارە ڕزگار بکات نادیە موراد لە پێش هێرشی داعش بۆ
ناوچەکەیان خەونی ئەوەی هەبوو کە ببێتە مامۆستای مێژوو یان ماکیاژ بۆ هونەرمەندان
بکات، نادیە لە هەوڵەکانی بەردەوام بوو تا بووە سمبولی ئێزییدیەکان و ڕۆژى ١٦ى
ئەیلولی ٢٠١٦ بوو بە باڵیۆزى نیازپاکى و ئاشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان و لەلایەن بان
کی مۆن سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە مەراسیمێکى گەورەدا خەڵاتى
نیازپاکى و ئاشتیى پێشکەش کرا