موچەی ئەم موچەخۆرانە ڕادەگیرێت

وتەبێژی سیستمی بایۆمەتریی مووچە،ئاشكرای ده‌كات کە لەم مانگەوە، هەر فەرمانبەرێك باركۆدی بایۆمەتریی نەبێت، مووچەكەی رادەگیرێت به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ناگرێته‌وه‌.


سەمیر هەورامی، وتەبێژی سیستمی بایۆمەتریی مووچە بە ماڵپەڕی "باسنیوز"ی ڕاگەیاندووە "رۆژانە خەڵكانێك په‌یوه‌نیمان پێوە دەكەن كە تا ئێستا لە بایۆمەتری تۆمار نەكراون، ئەو كەسانە لە ژووری عەمەلیات ناونووس كراون، بەڵام چونكە بە بڕیاری 111ی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، تۆماركردنی مووچەخۆران لە هەرێمی كوردستان لە 18ی 6 راگیراوە، بۆیە تۆمار نەكراون".

ئاماژەی بەوەش داوە "ئەوانەی دەرەوەی وڵات خانەنشینان، قوتابییانی تواناسازی و هاوەڵەكانیان، كەمئەندامانی سەنگەر، كەسوكاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی، مۆڵەتی بێ مووچە، تا 1ی 9 دەرفەت هەبوو فۆڕم وەربگرن، پڕۆسەكە كۆتایی هاتووە و لەداهاتوودا بڕیار لەسەر چۆنیەتیی تۆماركردنیان دەدرێت".

لە هەرێمی كوردستاندا، تا ئێستا یەک ملیۆن و 202 هەزار مووچەخۆر خۆیان تۆمار كردووە، بەڵام نزیكەی 60 هەزار كەسی تریش ماون تۆمار بكرێن.

سەمیر هەورامی ئاشكرای دەكات، تەنیا لە هەولێر بانكێك دیاری كراوە بۆ تۆماركردنی ئەو مووچەخۆرانەی كە مۆڵەتی بێ مووچەیان هەیە، وتیشی "ئەو كەسانەی مۆڵەتیان تەواو بووە و پاشان فەرمانی دەستبەكاربوونەوەیان دەبەن لە بانكی فیدڕاڵ لە هەولێر، لە تۆماری بایۆمەتریی مووچە تۆمار دەكرێن، ئەو پڕۆسەیە تەنیا لە هەولێر و لەو بانكە دەكرێت، لە پارێزگاكانی تر راگیراوە".

جەختیشی كردەوە، ئەو تۆماركردنە تەنیا بۆ ئەو كەسانەیە كە پێشووتر مۆڵەتی بێ مووچەیان هەبووە، یانیش لە پڕۆسەی تواناسازی، لە دەرەوەی وڵات بوونە و تەواو بوونە.

وتەبێژی سیستمی بایۆمەتری روونی دەكاتەوە، ئەو كەسانەی لە باركۆدی بایۆمەتری كێشەیان هەبووە، كێشەكانیان چارەسەر دەكرێت و مووچەكانیان راناگیرێت، دەشڵێت "ئەوەی باركۆدی ون كردبێت یان رەش بووبێتەوە، لە رێگەی سیستەمەوە بۆی چارەسەر دەكەین و باركۆدەكەی پێ دەدەین، تا مووچەی رانەگیرێت".



PM:10:38:11/09/2017