بایدەمیر سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپا

لەلایەن دادگای ئامەدەوە سزای زیاتر لە ساڵێک زیندانیکردن بۆ عوسمان بایدەمیر پەرلەمانتاری هەدەپە دەرکرا.


بە تۆمەتی سوکایەتی کردن بە کرێکارانی کەرتی گشتی، دادگای ئامەد بەبێ ئامادەبوونی عوسمان بایدەمیر و بە ئامادەبوونی پارێزەرەکەی سزای ساڵێک و پێنج مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی کردنی بۆ دەرکرد.

رەیهان یاڵچنداغ، پارێزەری عوسمان بایدەمیر لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ئاماژەی بەوەدا عوسمان بایدەمیر ئەو قسانەی لە کاتی ڕووداوێکی کۆمەڵایەتیدا کردووە و مەبەستی هیچ چین و توێژێکی کۆمەڵگا نەبووە، بۆیە ئەو وتانە ناچنە خانەی سوکایەتی پێکردنەوە "وتیشی ئەو تۆمەتانە بنەمای یاساییان نییە و داوایکرد دادگا بڕیاری بێتاوانی بۆ پەرلەمانتارەکەی هەدەپە دەربکات".

عوسمان بایدەمیر ١ى کانوونی دووەمی ١٩٧١ لە شارى ئامەدى باکوورى کوردستان لە دایکبووە، لە دواى تەواوکردنى خوێندنى یاسا لە زانکۆى دیجلەى شارى ئامەد بووەتە پارێزەر، لە دواى چەند ساڵ لە کارى پارێزەریى خۆبەخشى  لە ساڵى ١٩٩٥دا بووەتە ئەندامى کۆمەڵەى مافى مرۆڤ.

تاوەکو ساڵى ١٩٩٩ لە کارەکانى لە کۆمەڵەى مافى مرۆڤدا لە چەند پۆیتێکی جیاواز بەردەوام بووە و دواى ساڵى ١٩٩٩ بووە بە یەکێک لە پارێزەرەکانى ئۆجەلان.

لە ساڵى ٢٠٠٤ لەسەر لیستى پارتى ئاشتى و دیموکراسى (بەدەپە) خۆى بۆ سەرۆک شارەوانیى ئامەد پاڵاوت و سەرکەوتنى بە دەستهێنا و تاوەکو ساڵى ٢٠١٤دا سەرۆک شارەوانیى ئامەد بوو، لە ساڵى ٢٠٠٥دا لەگەڵ ڕەیحان یاڵچین داغى پارێزەر و ئەندامى کۆمەڵەى مافى مرۆڤدا هاوسەرگیریى کردووە و بوون بە دایک و باوکی کوڕ و کچێک.

عوسمان بایدەمیر خۆی بۆ هەڵبژاردنى ٢٦هەمى پەرلەمانى تورکیا لە ١ى تشرینى دووەمی ٢٠١٥دا لەسەر لیستى هەدەپە و لە شار ڕحاى باکووری کوردستان پاڵاوت و سەرکەوتنى بە دەستهێنان چووە پەرلەمانى تورکیا.

بایدەمیر لەڕووی زمانەوانیەوە شارەزایی باشی هەیە و دەتوانێت بە حەوت زمان قسە بکات.



PM:09:20:05/10/2017