فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە


فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەبارەت بە ڕووداوەکانی کەرکوک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت "بە داخەوە هەندێ بەرپرسی یەكێتییش یارمەتیدەری ئەو پیلانگێڕییەی دژی گەلی كوردستان بوونە".

فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕایگەیاندووە "هەندێ بەرپرسی یەكێتییش یارمەتیدەری ئەو پیلانگێڕییەی دژی گەلی كوردستان بوون و خیانەتێكی گەورە و مێژووییان لە كوردستان و ئەو شەهیدانە كردووە كە لەژێر ئاڵای یەكێتی گیانی خۆیان فیدای كوردستان كردووە. ئەم چەند بەرپرسە، هەندێ شوێنی هەستیاریان بەبێ شەڕ بۆ هێزەكانی حەشد و سوپای پاسدارانی ئێرانی چۆڵ كردووە و كاك كۆسرەتیان بە تەنیا جێ هێشتووە".


دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان

ڕای گشتیی ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان

بەڕەبەیانیی ئەمڕۆ 16ـی 10ـی 2017 هێزەكانی حەشدی شەعبیی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی بە فەرماندەیی ئیقبالپوور و بە هاوكاریی هێزەكانی عێراقی هێرشێكی بەرفراوانیان بۆ سەر كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەری كەركووك دەست پێكردووە. ئەو هێرشە بە ئاشكرا ڕاگەیاندنی شەڕە لەدژی گەلی كوردستان.

ئەو پەلامارە كە لە لایەن حكوومەتی عێراقی و حەشد و  هێزەكانی سەر بە قەرارگای قودسی سوپای پاسداران ئەنجام دراوە، تۆڵەسەندنەوەیە لە خەڵكی كوردستان كە داوای ئازادییان كردووە و تۆڵەیە لە خەڵكی سەربەرزی كەركووك كە هەڵوێستی مەردانەیان نواندووە.

بە داخەوە هەندێ بەرپرسی یەكێتییش یارمەتیدەری ئەو پیلانگێڕییەی دژی گەلی كوردستان بوونە و، خیانەتێكی گەورە و مێژوویییان لە كوردستان و ئەو شەهیدانە كردووە كە لەژێر ئاڵای یەكێتی گیانی خۆیان فیدای كوردستان كردووە. ئەم چەند بەرپرسە، هەندێ شوێنی هەستیاریان بەبێ شەڕ بۆ هێزەكانی حەشد و سوپای پاسدارانی ئێرانی چۆڵ كردووە و كاك كۆسرەتیان بە تەنیا جێ هێشتووە.

بە گشت لایەكیش ڕادەگەیێنین كە ئەو پەلامارەی حەشد و هێزەكانی عێراقی بە چەك و زڕێپۆش و دەبابەی ئابرامزی ئەمەریكی و چەکی تری هاوپەیمانان ئەنجام دراوە. ئەو چەكە ئەمەریكیانە دەمێكە لەژێر ناوی شەڕی داعش بە سوپای عێراق و حەشد دەدرێت، ئەوە لە حاڵێكدابوو كە لە شەڕی داعشدا پێشمەرگە چەكی پێویستی پێ نەدرا بۆ شەڕ و بەرگری لە بەرانبەر تیرۆریستاندا.

لێرەدا گەلی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە سەرباری بوونی ناپاكی هەندێ بەرپرس و پیلانگێڕیی حكوومەتی عێراق و سوپای پاسداران، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە ورەیەكی بەرزەوە لە هەموو شوێنەكان بەرگرییەكی قارەمانانە دەكات و جەختیش لەوە دەكەینەوە كە مومكین نییە بە پیلانگێڕی ئیرادەی گەلی كوردستان تێكبشكێت و ڕێگە بدەین نەیارانی گەلی كوردستان سەربكەون.

داوا لە هەموو پێشمەرگە ڕاستەقینەكانی گەل و وڵات و جەماوەری خۆڕاگر و دوژمن بەزێن دەكەین ئەوەی لە دەستیان بێت بیكەن بۆ بەرخودان و تێكشكاندنی پەلاماردەران. بەرپرسی یەكەمی شەڕفرۆشتن بە گەلی كوردستان حكوومەتەكەی عەبادییە و دەبێ بە قورسی باجی ئەو زوڵمەی بدات.

فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان

16ـی 10ـی 2017



PM:02:49:16/10/2017