دابەشكردنی موچە دواكەوت

دابەشكردنی موچەی مانگی ئابی موچەخۆرانی هەرێم دواكەوت و دیارنیە كە سبەی دابەش دەكرێت یان نا.

سەرەڕای ئەوەی بڕیاربوو دوێنێ سێشەمە دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی ئابی موچەخۆرانی هەرێم بكرێت و بە وەزارەتی پێشمەرگە دەست پێبكات بەڵام دابەشكردنی دواخرا بۆ ئەمڕۆ.

كەمێك لەمەوبەر سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پێشمەرگە بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "موچەی دیوانی وەزارەت و یەكەكانی 70 و 80 كە بڕیاربوو لەم دوو ڕۆژەدا دابەش بكرێت ئەمڕۆش دابەش نەكراوە".

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكرد كە "نازانرێت سبەی دەست بە دابەشكردنی موچەی پێشمەرگە دەكرێت یان نا، ئەگەریش هەیە بۆ كاتێكی نادیار دواخرابێت".

سەرەتای ئەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوێكدا وادەی دابەشكردنی موچەی مانگی ئابی ڕاگەیاند و تیایدا هاتووە "ڕۆژی سێ شەممە بەرواری 17ی 10ی 2017، مووچەی مانگی 8 ی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواكان دابەش دەكرێت".

هەروەها ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە "بەرواری 18 و 19ی 10/ 2017، مووچەی مانگی 8 ی یەكەكانی (80 و 70) ی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەكرێت"

بەو پێیە ئەمڕۆ دوو ڕۆژ بەسەر خشتەی موچەی مانگی ئابدا تێدەپەڕێت و تا ئێستا دەست بە دابەشكردنی نەكراوە.



PM:03:00:18/10/2017