لە دهۆک هێزە ئەمنییەکان رێگا لە گردبوونەوەیەک گیرا

هێزە ئەمنییەكانی دهۆك رێگرییان لە گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی كرد كە تێیدا داوای دادگاییكردنی ئەو كەسانە دەكرا كە بەرپرس بوون لەو رەوشەی بەسەر كوردستاندا هێندرا.

چیا بێلیزانی ڕۆژنامەنووس و بەشدار لە گردبوونەوەکەی دهۆك، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند " وەك کۆمەڵێك ڕۆژنامەنووس و چالاکوان بۆ دۆخی ئەمڕۆی باشوری کوردستان کە بەرپرسان بەسەریاندا هێناوە، کۆمەڵێك ڕۆژنامەنووس و چالاکوان ویستمان لە گردبوونەوەیەکدا بەیاننامەیەك بخوێنینەوە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پەلامارمان دراو ڕێگریمان لێکرا".
 
ناوبراو وتیشی " ئێمە بۆ یەکڕیزی کورد هەوڵماندا، بەڵام ڕێگرییمان لێکرا، هیزێکی زۆری ئەمنییان هێنایە سەرمان، بە تەنها ڕێگرییشەوە نەوەستان و سوکایەتییەکی زۆریان پێکردین".
 
دەربارەی ناوەڕۆکی بەیاننامەکەیان، چیا روونیكردەوە كە لە بەیاننامەكەیاندا داوایان کرد سیاسەتێکی نیشتیمانی و سەردەمیانە بۆ دانوستاندان لەگەڵ بەرامبەردا پەیڕەو بکرێت و بەرپرسانی ئەو رەوشەش دادگایی بكرێن.
 
 پێكهێنانی هیزێکی یەکگرتووی دوور لە حزبایەتی یەكێكی دیكە بووە لە داواكارییەكانیان.

چیا ئاماژەی بەوەشکرد، کە داوایان کردووە، دوای ئەوەی ٥١%ی خاکی باشوری کوردستان بەدەست حکومەتی ناوەندەوە درا، بەرپرسانی بازرگان بە خوێنی شەهیدانەوە دادگایی بکرێن.



PM:09:52:22/10/2017