یەکگرتوو: لەبایۆمێتری مووچەخۆر کەمی کردووە، کەچی پارەی مووچە زیادی کردووە

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتو لەپەرلەمانی كوردستان سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت کە بەهۆی سیستمی بایۆمەتری 145 هەزار و 628 موچەخۆر لەهەرێمی كوردستان كەمبۆتەوە، بەڵام پارەی مانگانەی پێویست بۆ موچە 24 ملیار 500 ملیۆن دینار زیادی كردوە.
 
بەهزاد زێباری، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتو لە پەرلەمانی كوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوك لە نووسینێکدا لەژێر ناونیشانی "عەجیب و غەریب” نووسیوویەتی " بەر لە سیستمی بایۆمەتری ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان یەك ملیۆن و 395 هەزار و 109 كەس و پارەی مانگانەی پێویست بۆ موچە 873 ملیار دینار بووە".
 
بەهزاد زێباری ئاماژەی بەوەشداوە كە دوای سیستمی بایۆمەتری ژمارەی موچەخۆری هەرێمی كوردستان بوە بە یەك ملیۆن و 249 هەزار و 481 كەس و پارەی مانگانەی پێویست بۆ موچەخۆران بوە بە 897 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار.
 

نوسینەكەی بەهزاد زێباری لەژێر ناونیشانی "عەجیب و غەریب”دایە و وتوشیەتی”ئەمە چەندین پرسیار هەڵدەگرێت”.
 



PM:05:57:03/11/2017