موچەی كەسوكاری شەهیدانی هەرێم هاوتای عێراق دەكرێت

بە بڕیارێكی حكومەتی عێراق سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم هاوتای فەرمانبەرانی عێراق دەكرێن‌و بەم پێیەش موچەی كەسوكاری شەهیدانی هەرێمی كوردستان بەرز دەبێتەوە.

لەمبارەیەوە ڕەنگین عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی شەهیدان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی وتووە:  لەئەگەری جێبەجێكردنی بڕیارەكەی بەغدا بە رەوانەكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هاوتاكردنی لەگەڵ موچەخۆرانی عیراق، موچەی كەسوكاری شەهیدان زیاد دەكرێت، بەو پێیەی موچەی كەسوكاری شەهیدانی عیراق لە ملیۆنێك و 200 هەزار دینار كەمتر نییە.
وتیشی: لەساڵی 2014ەوە هەوڵێكی زۆرماندا بۆئەوەی موچەی كەسوكاری شەهیدانی هەرێم بخرێتە سەر حكومەتی عیراق، بەڵام بەبیانووی ئینتیمای كوردایەتییەوە، ڕێگە نەدرا ئەو هەوڵە سەربگرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی كاروباری شەهیدان، موچەو ئیمتیازاتەكانی كەسوكاری شەهیدان لەنێوان هەولێرو بەغدا جیاوازییەكی زۆریان هەیە، دەشڵێت: "كەسوكارێكی شەهید لەهەرێم زۆرترین موچەی 500 هەزار دینار تێپەڕناكات، لەكاتێكدا كەمترین موچەیان لەبەغدا ملیۆنێك و 200 هەزار دینارە، لەحساب بانكییەكیش بۆیان دادەنرێت بەبێ هیچ دواكەوتنێك، جگە لەوەش 5%ی پشكی حاجیان بۆ كەسوكاری شەهیدانەو لەهەرێم نییە، سەرەڕای چەندین ئیمتیازاتی تر".



PM:01:33:10/11/2017