یەکێتی هێرشدەکاتە سەر حکومەتی بەغدا

مەکتەبی سیاسی یەکێتی هێرش دەکاتە سەر حکومەتی بەغداو دەڵێت " حكومەتی عیراقی، لەباتی پیلانی عەسكەری و دەستی بەدەستی پێكردنی دابینكردنی موچەی فەرمانبەران، هەم بەهانای راستەقینەی خەڵكەوە بێت و هەمیش، زوو هەنگاوی راستگۆیانە بۆ شایستە داراییەكانی هەرێم بنێت".

ئەو هێرشەی یەکێتی لە کاتێکدایە کە لەدوای ١٦ تشرینی دووەم وداگیرکردنی کەرکوک لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە، یەکێتی ئاستی رەخەنگرتنی لە حکومەتی بەغدا بەشێوەیەکی زۆر لاواز بووە. 

ئەمەش راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

شەوی (12)ی ئەم مانگە، سەرباری ئەو هەموو كێشە ئابورییەی خەڵك و دۆخی نەخوازراوی سیاسیی و شەڕو شۆڕ پێفرۆشتنی كوردستان، لەكاتێكیشدا زیاتر لە (150) هەزار هاووڵاتی كەركوك، دوزخورماتوو، داقوق، پردێ، شەنگال و تازە خورماتوو، ئاوارەبوون و بێ دەرەتان كەوتونەتە بەر كزە بای ساردی پاییز. لەڕێكەوتێكی نالەباردا، بومەلەرزە، رۆژهەڵات و باشوری كوردستانی هەژاندو سەرەنجام، دەوروبەری (400) قوربانی  و هەزاران بریندارو كۆستی تری كوردەواری، دووچاری نەتەوە ستەمدیدەكەمان بوو، سەدان ماڵ و دوكان و دامەزراوەش، داڕوخان.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەدۆخێكی نالەباردا، بۆ ئەم كۆستەی بومەلەرزەكەی كوردستان، هاوخەمی دەردەبڕێ. ئاشكراشە حكومەتی هەرێم، دوو ملیۆن ئاوارەی لەكاتی لێقەومانی هێرشەكانی داعشدا داڵدەداو خزمەتیكردن ئێستاش كاتێتی، لەبەر قەیرانی دارایی لەكوردستاندا، بەزوترین كات رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەهانای خەڵكی لێقەوماوەوە بێن.
حكومەتی عیراقیش، لەباتی پیلانی عەسكەری و دەستی بەدەستی پێكردنی دابینكردنی موچەی فەرمانبەران، هەم بەهانای راستەقینەی خەڵكەوە بێت و هەمیش، زوو هەنگاوی راستگۆیانە بەپێی دەستورو شایستە داراییەكانی هەرێمەوە، بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان و قەیرانە داراییەكان بنێ. سوپاسی حكومەتی توركیاش دەكەین، یەكەمین وڵات بوو، هاوكاری گەیاندە لێقەوماوان.

بێگومان، بەهەمان پەرۆشی و دەروونی پڕ لەخەمەوە، بیرمان لای كەسوكاری قوربانی و لێقەوماوانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستانە، كە بەداخەوە، زۆر زیاتر لەباشوری كوردستان، خەڵكەكەی دووچاری قوربانی و ماڵوێرانی بون.
هەزاران سڵاو لەگیانی پاكی قوربانیان و، هیوای زوو چاكبونەوەی بریندارەكان و دەستبەجێش، گەیاندنی كۆمەك، بەخەڵكی ماڵ و موڵك روخاو دەكەین.

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
2017/11/13



PM:11:25:13/11/2017