"پیلانێکی دیکە لەدژی کورد ئاشکرا دەبێت"

بەرپرسی ڕاگەیاندنی قائیمقامیەتی قەزای دوزخورماتوو، پیلانێکی تورکومانەکان دژی کورد ئاشکرادەکات و ڕاشیدەگەیەنێت "چەند جێگەیەكی لەو مەترسیە ئاگادار كردۆتەوە".


محەمەد فایەق، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قائیمقامیەتی قەزای دوزخورماتوو لەلێدوانێكدا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆیەوە ئەوەی ئاشکاکردووە "لەلایەن ژمارەیەك ئاژاوە گێڕی توركمانی خورماتووە وە، بەنیازن پیلانێك دژ بە كورد بگێڕن".

محەمەد فایەق دەڵێت "ئەو تورکومانانە پیلانی ئەوەیان هەیە جلی كوردی بپۆشن و دواتر دزە بكەنە نێوگەڕەكە كوردنیشینەكانەوە، تاوەكو لەپشتەوە هێرش بكەنە سەر هیزەكانی (سوات و پولیس)ی حكومەتی عێراقی و بەو هۆیەوە كورد تێوەبگلێنن و وای نیشان بدەن كورد ئاژاوە چیە و هێرش دەكەنە سەر سوپای عێراقی، دواتر ئەوەی لە دووزیش ماوەتەوە پێیان چۆڵبكەن".

بەرپرسی ڕاگەیاندنی قائیمقامیەتی قەزای دوزخورماتو، ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەیەكەوە پێگەیشتوە و دەشڵێت "ئەم پیلانگیریەم ڕەوانەی چەند شوێنێك كردووە، پێش ئەوەی بڵاوی بكەمەوە".



PM:03:33:17/11/2017