پۆلیسی سلێمانی باندێكی دزیكردنی دەستگیركرد

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، باندێكی دزیكردنیان دەستگیركردووە كە دزییان لە باخ و شوێنە گەشتیاریەكانی سنوری ناوچەی سیتەك كردوە.

 پۆلیسی سلێمانی لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە لە هەڵمەتێكدا بنكەی پۆلیسی سیتەك، سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سێ تۆمەتباری دەستگیركرد كە "هەستاون بە دزینی ئاژەڵ و پەلەوەرو كەل و پەلی ناوماڵ".

ڕاشیگەیاندووە "ئەو  سێ تۆمەتبارە دوای دەستگیركردنیان دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە و بە فەرمانی دادوەر بەندن".

ڕۆژی ٦ی ئەم مانگەش بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند لەچوارچێوەی كارو چالاكییەكانیان لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٢٠ تۆمەتباری بەتۆمەتی ئەنجامدانی دزی جۆراوجۆر دەستگیركردووە.



PM:01:48:19/11/2017