بەرپرسێكی یەكێتی شوێنی ژیانی مەسعوود بارزانی دوای ڕیفراندۆم ئاشكرادەكات


بەرپرسێكی یەكێتی  دەڵێت، پێش ریفراندۆم، مەسعود بارزانی لە كۆبوونەوەیەكدا لە كەركووكدا وتویەتی" ئەگەر ڕیفراندۆم سەرنەكەوێت دەچم لەجەزیرەیەكدا دەژیم".
 
ڕەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەی "هەواڵ"دا ڕایگەیاند "چەند ڕۆژێك بەر لە ڕیفراندۆم لە كۆبوونەوەیەكدا لە كەركووك ئاسۆ مامەند زۆر بە جددی باسی كەركوكی كردو هەموو مەترسیانەی خستەڕوو كە ئێستا ڕوویانداوە، ئاماژەشی بەوەكرد، ئەم ریفراندۆمە زەرەری گەورەی تێدا دەكەن".
 
هەر لە قسەكانیدا ئەو بەرپرسەی یەكێتی رونیكردۆتەوە، بەر لە كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ بارزانی، لەمەڵبەندی كەركوك كۆبوونەوەیەك كراوە و مەحزەرەی كۆبوونەوەكەش درابووە ئەو بۆ ئەوەی لەكۆبونەوەكەیان لەگەڵ بارزانی بیخوێنێتەوە "هەموو ئەو خاڵانەم خوێندەوەو كە لە مەحزەرەكەدا هاتبوو، لەكۆتایدا بە كاك مەسعودم وت " ئێمە تكات لێدەكەین، كەركوك ئەو بارودۆخە هەڵناگرێ، ئەو برادەرانەی كە زانیاری دەدەن بە تۆ ڕاستگۆ نین، هەرچەند بەشێك لەبرادەرانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، زۆریان پێناخۆش بوو، كە ئەو قسەیەم كرد".
 
ئەو بەرپرسەی یەكێتی، ئەوەشی خستوەتەڕوو، كە بارزانی لە كۆبونەوەكەدا بە ئامادەبوانی وتووە "ئەگەر ئەم ڕیفراندۆمە سەركەوتوو نەبوو، بەڵێن بێ ئەم وڵاتە بەجێدەهێڵم و دەچم لەجەزیرەیەكدا دەژیم"
 
ئەو بەرپرسەی یەكێتی جگە لە بارزانی رەخنەیشی لە محەمەد حاجی مەحمود گرتووە و وتویەتی "بارزانی و محەمەدی حاجی مەحمود و هەموو ئەوانەی بەرگریان لە ڕیفراندۆم دەكرد، هەموو ڕۆژێك لەسەر تەلەفزیۆنەكان دەردەكەوتن و باسی ڕیفراندۆمیان دەكرد، ئێستا لە كوێی كەركوكن، ئێستا لەكوێی ناوچە دابڕێنراوەكانن، مێژوو ئەم شتانە لە بیر ناكات ."
 
رۆژی 16 ی ئۆكتۆبەری حەشدی شەعبی و هێزە عێراقیەكان هێرشیان كردەسەر كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان و كۆنترۆڵیان كردەوە.



PM:03:03:10/12/2017