ئاسایشی سلێمانی: پیلانێکی گەورەمان پوچەڵکردەوە

ئاسایشی‌ سلێمانی‌ روونكرده‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر خۆپیشاندان و گرژییه‌كانی‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردووی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت "گەورەترین پيلان دژی کیانی هەرێمی کوردستان پوچەڵکرایەوە".


له‌ راگه‌یه‌ندراوی بریكاری  یاسایی بەرێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانیدا هاتووه‌ "دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا کۆمەڵیك پێشهات و رووداوی هەستیار رووبەرووی شاری سلێمانی بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بووەوە، لەلایەن زۆرێك لە هاورێ و هاوکارانمان وە دڵسۆزانی خاك و نیشتیمان پرسیاری ئەوەمان ئاراستە کرا کە بۆچی هیچ رونکردنەوەیەکی پێویست لەسەر ئەو بارودۆخە نەدراوەو راستیەکان نەخراوەتەروو".

ده‌شڵێت "بە بەرێزتانی رائەگەیەنین کە بە پشتیوانی خوای گەورەو بە هۆی دڵسۆزی و لێهاتوویی پاشای خۆشەویستمان و خەمخۆری و ماندوو نەناسی ئەفسەرو کارمەندە بەور ئاساکانی ئاسایش و هێزە ئەمنیەکانی تر و دڵسۆزانی گەل و ولات گەورەترین پلان دژی کیانی هەرێمی کوردستان پوچەڵکرایەوەو ئەو دەستە ناحەزانەی کەویستیان لە ریگەی هەوڵی کەسی و بە لێدانی دڵسۆزانی نیشتیمان و هەوڵی گشتی بە خنکاندنی خودی نیشتیمان زەفەر بە نیشتیمان و دڵسۆزانی نیشتیمان بگەیەنن جارێکی تر تەنها مایەپوچی و دۆرانیان بۆ مایەوە".

بریكاری‌ یاسایی به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ئاسایشی‌ سلێمانی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات "خوای گەورە ئەفەرموێت ( ومكروا ومكر الله والله خیر الماكرین) واتا "پلانیان داناو خوای گەورەش پلانی خۆی دانا، کە خوای گەورە باشترین پلان دانەرە" زۆر بەڵگەو بابەتی هەستیارو گرنگ بوونی هەیە و لەکات و شوێنی خۆیدا بڵاوی ئەکەینەوەو راستیەکان بۆ سەرجەم هاوڵاتیان ئاشکرا ئەبن. لەکاتی ئێستادا تەنها ئەوەنە ئەتوانین رابگەیەنین و دڵنیاش بن خەمخۆری و دڵسۆزیمان بۆ هاوڵاتیانمان و مافەکانیان و ئاسایش و ئارامیان وەکو خۆی و زیاتریش بەردەوام ئەبێت و کەم ناکات".

ڕۆژی 18ی ئەم مانگە خۆپیشاندان لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم بەڕێوەچوو و گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە 3 هاوڵاتی بە تەقەی بارەگا حزبیەکان شەهیدبوون و زیاتر لەسەد هاولآتی تر برینداربوون، بەسەدان گەنج گیران و دواتر ئازاد کران.



PM:10:46:28/12/2017