وەزارەتێکی دیکە لیستی مووچەکەی ڕەوانەی بەغدا دەکرێت

وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت لەسەر داوای حکومەتى هەرێم و بەغداد لە دوێنێوە دەستیان کردووە بە ووردبینى و ئامادەکردنى لیستى ناوى موچەخۆرانى هەردوو وەزارەتی تەندروستى و پەروەردە بە مەبەستى ناردنى بۆ بەغدا.


خالس قادر، وتەبێژى وەزارەتی تەندروستى بە "ئێن ئاڕ تی" ڕایگەیاندووە "لە دوێنێ وە دەستکراوە بە ئامادەکردنى لیستى ناوى فەرمانبەرانى هەر دوو وەزارەتی تەندروستى و پەروەردە لەسەر بنەمای زانیاریەکانى بایۆمەتری هەرێم و بە مەبەستى ناردنى بۆ بەغداد لەسەر داوای ئەو لیژنەیەى کە پێکهێنراوە بۆ ووردبینى و دابەشکردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم".

ئەوەشی وت ، "هەرچەندە بەغداد کاتى دابەشکردنی موچەى ئەو دوو وەزارەتەى دیاری نەکردووە بەڵام ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین و ئومێدمان وایە لە موچەى مانگى ١٢ وە دابینبکرێـت".

ئەمەش لە کاتێکدایە، حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق لە کۆنفرانسى ڕۆژنامەوانیى هەفتانەى خۆیدا ڕایگەیاند، دەستیان کردووە بە دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم، وەک یەکەم وەزارەتیش دەستیان کردووە بە دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەرانى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێم.

عەبادی ڕاشیگەیاند، وردبینیشیان بۆ لیستى مووچەى وەزارەتەکانى پەروەردە و تەندروستى دەستپێکردووە و دوای ووردبینی مووچەکانیان دەنێرن.

هاوکات سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتیشى، ئامادەن بەپێى سیستمى بایۆمەترى داتاى ئەو وەزارەتانە بدەنە بەغداد، ئەگەر ئەوان ئامادەبن مووچە دابینبکەن.



PM:01:34:29/12/2017