وەزارەتێکی دیکە لیستی موچەکەی ڕەوانەی بەغدا دەکات

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم ئامادەیی دەردەبڕێت لیستی موچەخۆرەكانی رەوانەی بەغدا بكات بەمەبەستی وردبینی و ناردنی موچە، ڕاوێژكارێكی وەزارەتەكەش رەتیدەكاتەوە كەموكوڕی لە لیستی ناوەكانیان هەبێت.


لیوا سەعید محەمەد، ڕاوێژكاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاندووە هەرچەندە تائێستا حكومەتی بەغدا داوای لیستی موچەخۆران و ئاماری هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێمی نەكردووە، بەڵام هەر كاتێك داوایان كرد، ئامادەین لیستەكەیان بۆ رەوانە بكەین و وردەكاریی سەرجەم موچەخۆرانمان بخەینەڕوو.

راوێژكارەكەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، لێدوانی ئەو بەرپرسانەی حكومەتی عیراقیشی رەتكردەوە لەبارەی بوونی گرفت لە لیستی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم و وتی: لیستی ناوی وەزارەتی ناوخۆ بەو جۆرە نییە، بەڵكو سەرجەم موچەخۆران سەرەتاو دۆسیەی دامەزراندنیان هەیەو كێشەیان نییە".

لیوا سەعید محەمەد ئاماژەی بەوەشكرد، ناردنی لیستی موچەخۆرانی وەزارەتی ناوخۆ، بەمانای خستنەڕووی نهێنیی سەربازی نییە، وتی:" ئەمە لیست و ئاماری چەك و تەقەمەنی نییە، بەڵكو تەنها لیستی موچەخۆرەكان دەنێرین".



PM:04:31:07/01/2018