حكومەتی عێراق كاتی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی ئاشكراكرد

وتەبێژی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق دوپاتیدەكاتەوە، حكومەتی فیدرالی پابەندە بە رەوانەكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و ڕایگەیاند وردبینی و لێكۆڵینەوە لە لیستی موچەخۆراندا دەكەن، تا گەیاندنی بە كەسە شایستەكان زامن بكرێت.

سەعد حەدیسی، وتەبێژی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق بە چاپی عیراقی رۆژنامەی "الزمان"ی وتوە "حكومەتی فیدرالی لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا چەند كۆبونەوەیەكی كردوە بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسێی خەرجكردنی موچەی فەرمانبەران لەڕێی لیژنە هاوبەشەكانەوە، كە وردبینی و لێكۆڵینەوە لە لیستی موچەخۆراندا دەكەن، تا گەیاندنی بە كەسە شایستەكان زامن بكرێت و گومانی گەندەڵی نەمێنێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی سەرچاوەكانی ئاو دەستیپێكردوە و كاركردنیش بۆ وردبینیكردن لە لیستی فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی تەندروستی و پەروەردە بەردەوامە و سەبارەت بەو دوو وەزارەتەش دەڵێت "دوای تەواوبونی ئەو رێوشوێنانەی باسمان كرد، پارە بۆ موچەكانیان دابین دەكرێت".

هۆكاری گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانەشی بۆئەوە گەڕاندەوە، كە بۆ رێگریكردنە لەوەی موچەخۆران زیاتر لە موچەیەك وەربگرن، وتیشی "ئەو میكانیزمە بەسەر فەرمانبەرانی دەوڵەتدا جێبەجێ دەكرێت".



PM:01:36:11/02/2018