بارزانی لە تویتەرەوە هاوخەمی بۆ کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە دەردەبڕێت

بارزانی لە تویتەرەوە هاوخەمی بۆ کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت، "دەوڵەتی عێراق بەرپرسە لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە".

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی ساڵوەگەڕی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ڕایگەیاندووە "وێڕای هاوخەمی ناردن بۆ کەسوکاری شەهیدان، رایگەیاندووە، مەینەتییەکانی گەلی کوردستان بەردەوامن و بەردەوامیش لە بیر و دڵمانە و لەیادی ناکەین".

هەروەک رایگەیاندووە، هەرچەندە حزبی بەعسی عێراقی لە دەسەڵات نەماوە، بەڵام دەوڵەتی عێراق و حکوومەتی ئێستای ئەو وڵاتە بەرپرسە لە تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ یادی کیمیابارانی هەڵەبجە بەبێ بەشداری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و لەسەر ئاستی حزبەکانیش کەسانی پلە باڵا بەشدار نین.

ڕۆژی 16ـی ئاداری 1988، رژێمی بەعسی عێراق بە گازی قەدەغەکراوی کیمیایی ھێرشی کردە سەر شاری ھەڵەبجە و بەو ھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتی شەھید بوون و زیاتر لە 15 ھەزار ھاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون و سەدان منداڵیش بێسەروشوێن بوون.



PM:12:06:16/03/2018