وادەی ناردنی موچەی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم ئاشکرادەکرێت

وەزارەتی دارایی عیراق رێوشوێنەكانی تایبەت بە خەرجكردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەكانی هەرێم تەواو دەكات و بەرپرسێکی حکومەتی عێراقیش ڕایگەیاندووە" پێش 21ی 3، موچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ جیاوازی خەرجدەكرێت".

ماهر جوهان، بریكاری وەزارەتی دارایی عیراق، بەماڵپەڕی فەرمی حكومەتی عیراقی راگەیاندووە "وەزارەتی دارایی سەرقاڵی تەواوكردنی سەرجەم رێوشوێنەكانی تایبەت بەخەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە".

ئاماژەی بەوەشكردووە، تائێستا بودجەی 2018ی عیراق نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەهۆی ئەوەی بڵاوكردنەوەی لەڕۆژنامەی وەقایع دواكەوتووە و رایگەیاندووە، "وەزارەتی دارایی تائێستاش كار بەسیستمی یەك لەسەر 12ی بودجە دەكات و فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتیش راسپێردراوە لەم مانگەوە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران هەڵوەشێنێتەوە".

هاوکات لەکاتی سەردانکردنی بۆ هەڵەبجە مەهدی عەلاق، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ئەوەی بە بەرپرسنی ئیداری هەرێم ڕاگەیاندووە كە "بڕیاردراوە پێش 21ی 3 موچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ جیاوازی خەرج بكرێت نەک تەنیا تەندروستی و پەروەردە".



PM:07:40:18/03/2018