بۆ جاری هەشتەم و حەوت ساڵە دوو تۆمەتباری سەرەكی هێرشكردنە سەر ئاسۆس هەردی ئامادەی دادگا نابن

بڕیار بو ئەمڕۆ ١٢ی ئەیلول دانیشتنی هەشتەمی کەیسی  هێڕشکردنە سەر ئاسۆس هەردی بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئامادە نەبونی دو تۆمەتباری سەرەکییەوە لەدادگا کە عەمید‌و پێشمەرگەیەکی سەر بەهێزەکانی یەكەی (70)ن‌، دانیشتنەکە دواخرا. ئەم دو تۆمەتبارە لەلایەن دادگاوە بەنوسراو داواکراوە کە ئامادەی دادگایی کردنەکە بن، بەڵام هێزەکانی یەكەی 70 تا ئێستا وەڵامی نوسراوەكەی دادگای نەداتەوە کە دوو تۆماتبارەکە ئامادە دەبن یاخود نا.
  
كارزان فازل، پارێزەری دۆسیەی پەلاماردانی ئاسۆس هەردی، بە ماڵپەڕی سپی میدیای راگەیاند ئەمڕۆ بڕیار بو هەشتەم دانیشتنی دادگا بەئامادەبونی دو تۆمەتباری سەرەكی هێرشكردنە سەر ئاسۆس هەردی كە عەمیدو پێشمەرگەیەكی سەر بەیەكەی حەفتان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبونی دو تۆمەتبارەكەوە دانیشتنەكە جارێكیتر دواخرا، ئەو وتی "تا ئێستا نەتوانراوە ئەو كەسانەی كە هێرشیان كردە سەر ئاسۆس هەردی دەستگیر بكرێن، بۆیە دادگا لەدانیشتنی شەشەمدا نوسراوی ئاڕاستەی هێزەكانی 70 كردوە بۆ ئەوەی لای خۆیانەوە هەستن بەئاگاداركردنی عەمیدو پێشمەرگەیەك كە سەر بەو هێزەن‌و تا ئێستا پۆلیس بەهەر هۆیەك بێت نەیتوانیوە ئاگاداریان بكاتەوە، بەڵام سەڕەرای ئەوەش لەدانیشتنی ئەمڕۆدا كە دەبو ئامادە بن، ئەو دو تۆمەتبارە ئامادە نەبون، بەبی ئەوەی هێزی یەكەی 70 وەڵامی نوسراوەكەی دادگا بداتەوە”.

پارێزرەی ئاسۆس هەردی وتیشی "سەڕەرای‌ تێپەڕینی‌ زیاتر لەحەوت ساڵ‌ بەسەر پەلاماردانی‌ ئاسۆس هەردیدا، تا ئێستا ئەو دو تۆمەتبارە لەدادگا ئامادە نەبون‌و كه‌یسه‌كه‌ یه‌كلایی‌ نه‌كراوه‌ته‌وه”.

 ئێوارەی رۆژی 29/8/2011 ئاسۆس هەردی، سەرنووسەری پێشووی رۆژنامەی ئاوێنەو بەڕێوەبەری پێشوی رێگەپێدراوی‌ كۆمپانیای ئاوێنە، لەكاتی جێهێشتنی شوێنی كارەكەی، لەلایەن چەند كەسێكەوە پەلامار دراو بەكلكە دەمانجە سەری بریندار كرا‌، كە بەزیاتر لە30 تەقەڵ دورایەوە.



PM:09:19:12/09/2018