بەتۆمەتی کوشتنی تارە فارس کەسێک دەستگیر دەکرێت

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیان، بە تۆمەتی کوشتنی تارە فارس کچە مۆدێلی عێراقی کەسێکیان دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دەستیپێکردووە..
لە بەیاننامەیەکدا سەعد مەعەن وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆیی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، هێزە ئەمنییەکان کەسێکیان بە تۆمەتی کوشتنی تارە فارس کچە مۆدێلی عێراقی دەستگیرکردووە، کە رۆژی پێنجشەمە ٢٧ی ئەیلول لە شاری بەغدا کوژرا.

ئەوەشی خستووەتەڕوو،" چەند لیژنەیەک لەسەر راسپاردەی حەیدەر عەبادی دروستکراوە، بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارانی تاوانەکانی کوشتن و فڕاندن".

 وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆیی عێراق جەختی لەوەشکردەوە،"لە ماوەی ٤٨ کاتژمێریشدا ڕێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر بۆ گەیشتن بە تاوانبارەکان، بەتایبەت ئەوانەی کە تارە فارسیان لە بەغدا و چالاکی مەدەنی سوعاد عەلییان لە بەسرە کوشتووە.

رۆژی پێنجشەممە ٢٧ی ئەیلول کچە مۆدێل و هاوەڵی شاجوانی پێشووی عێراق بە دەستڕێژی گولـلە تارە فارس لە بەغدا کوژراو، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووش سوعاد عەلی ئەندامی ڕێکخراوی "ئەلوەد" بۆ مافەکانی مرۆڤ لە شاری بەسرە کوژرا.


PM:03:01:29/09/2018