ئێران چارەنوسی پلان داڕێژەری هێرشەكەی ئەهواز ئاشكرادەكات

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، پیلانداڕێژەری هێرشەكەی مانگی رابردووی ئەهواز لە عێراق كوژراوە.

سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، لە ئۆپراسیۆنێكی "هێزەكانی بەرگری" كە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە ١٦ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٨ لە پارێزگای دیالەی عێراق ئەنجامدراوە، ئەبوزەحا ئەمیری داعش لەو پارێزگایە و پیلانداڕێژەری سەرەكی هێرشەكەی ئەهواز لەگەڵ چوار "تیرۆریستی" دیكە كوژراون.

٢٢ی ئەیلولی رابردوو چوار چەكدار هێرشیانكردە سەر نمایشێكی سەربازیی ئێران لەشاری ئەهواز و بەوهۆیەشەوە ٢٤ كەس كوژران و نزیكەی ٧٠ كەسی دیكەش بریندار بوون، دواتر هەر چوار چەكدارەكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە كوژران و داعشیش بەپرسیارێتی هێرشەكەی لە ئەستۆ گرت.



AM:07:52:17/10/2018